بانکی ناوەندی رێژەی فرۆشی کاشی لە خستنەڕووی ئەمڕۆدا زیاد کرد و بە تێکڕا زیاتر لە ٢٥٤ ملیۆن دۆلاریان بەشێوەی کاش و حەواڵە بە بانک و بازرگانەکان فرۆشتووە. نرخی دۆلاریش لە بازاڕەکانی هەرێم بەراورد بە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی دراو، بەرز بووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە سەکۆی ئەلیکترۆنی خستنەڕووی دۆلارەوە رایگەیاند، بڕی ٢٥٤ ملیۆن و ٦١٩ هەزار و ٩١٦ دۆلاریان بە نرخی فەرمی بانکەکە خستووەتە بازاڕەوە.
ئاماژە بەوەش
کراوە، بڕی ٣٠ ملیۆن و ٩٧٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش بووە، ئەوەش بەراورد بە فرۆشی
کاش لە دوێنێ دووشەممە دوو هێندە زیادی کردووە، کە ١٤ ملیۆن و ٣٣٠ هەزار دۆلار بوو.
هاوکات، بڕی
٢٢٣ ملیۆن و ٦٤٩ هەزار و ٩١٦ دۆلاری بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە.
لە بازاڕەکانی دراوی هەرێم، لە ئێستادا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٤٧ هەزار و ٧٥٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، کە بەراورد بە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی دراو، نرخی ١٠٠ دۆلار نزیکەی ٢٥٠ دینار بەرز بووەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی بەردەوامە بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار و لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەشدا، نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمدا گۆڕانکاری بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.