سەردێڕ:

بانکی ناوەندی لە هەفتەی رابردوودا نزیکی ملیارێک دۆلاری فرۆشتووە

PM:05:41:22/03/2024

888 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لەماوەی چوار رۆژی خستنەڕووی دۆلاری کاش لەم هەفتەیەدا لەلایەن بانکەکان و سەرجەم بازرگانانەکانەوە داواکاری بۆ کڕینەوەی نزیکی یەک ملیار دۆلار پێشکەش کراوە، کە ئەوەش بە بەرزترین رێژەی فرۆشی هەفتانە دادەندرێت لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا.


ئەمڕۆ هەینی، بانکی ناوەندی لەرێگای سەکۆی تایبەتی فرۆشی دراوە بیانییەکانەوە رایگەیاند، لەماوەی چوار رۆژی خستنەڕووی دۆلاری کاش و حەواڵە لەم هەفتەیەدا بە نرخی فەرمی بە تێکڕا ٩٨٣ ملیۆن و ٤٧٩ هەزار و ٨٢٢ دۆلار فرۆشراوە بە بانکەکان و بازرگانانی ناوخۆ و دەرەکی.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەو رێژەیەش بەشێوەی کاش ٧٣ ملیۆن و ٤٠ هەزار دۆلار فرۆشراوە کە بە تێکڕا بۆ هەر رۆژێک ١٨ ملیۆن و ٢٦٠ هەزار دۆلار بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار دەکات.

باس لەوەش کراوە، لە ماوەی چوار رۆژدا بە تێکڕا ٩١٠ ملیۆن و ٤٣٩ هەزار و ٨٢٢ دۆلار بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی فرۆشراوە کە ئەوەش لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بە بەرزترین فرۆشی چوار رۆژی بانکەکە دادەندرێت.

هاوکات لەبارەی دوو هەفتەی سەرەتای ئەم مانگەدا بانکی ناوەندی رایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی سەرەتای مانگی ئازاردا زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بە بانکەکان و بازرگانانەوە فرۆشراوە، کە لەو رێژەیەش فرۆشی حەواڵە ٩١.٣٪ تێکڕای فرۆشی پێکهێناوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەو رێژەیە ٨.٧٪ـی بەشێوەی کاش بووە کە بەرامبەرە بە ١٧٩ ملیۆن و ٧٧٨ هەزار دۆلار بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک و بەراورد بە دوو هەفتەی یەکەمی مانگی رابردوو ئاستی فرۆشی کاش بە رێژەی ٥٢٪ زیادی کردووە.

هاوکات عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی فراوانکردنی ئاستی بازرگانی ناوخۆی و دەرەکی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە بانکە سزادراوەکان بۆ کەمکردنەوەی سزاکان لە گفتوگۆدان. وتیشی، "بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرز دەکەنەوە".













گەلەری