سەردێڕ:

بانکی ناوەندی رێژەی گەشەی ئابووری عێراقی ئاشکراکرد؛ نرخی دینار بەرزدەبێتەوە

AM:09:00:21/03/2024

11328 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەداراییەکانەوە پێوەرەکانی گەشەی ئابووری عێراق بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو بە رێژەی ٢٪ زیادیکردووە و پێشبینیش دەکرێت لەمساڵدا بۆ ٤٪ بەرزبێتەوە. دەشڵێت، "ئاستی پارەدارکردنی بانکەکان زیاترە لە ١٢١ ترلیۆن دینار".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندی عێراق لە سەکۆی تایبەتی ئابووری بانکەکەوە رایگەیاند، لە نێوان گۆڕانکاری مامەڵە داراییەکاندا لە دۆلارەوە بۆ دینار ئاستی ئابووری عێراق و پێوەرەکانی گەشەی ئابووری بەڕێژەی ٢٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، تێکڕای ئاستی پارەدارکردنی بانکەکانی عێراق بەهۆی گۆڕانکاری لە سیستمی نەختینەوە بۆ ئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەداراییەکان و بەبانکیکردنی سیستمە داراییەکانەوە لە ١٢٩ ترلیۆن دینارەوە بۆ زیاتر لە ١٣١ ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە.

باس لەوەش کراوە، لە ئێستاشدا بانکە بازرگانییەکان و ئاستی مامەڵەی بازرگانان و کۆمپانیا بیانیەکان ئاستی نەختینەی مامەڵەکانیان بە دینار بەرزبووەتەوە بۆ ٥٥ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار کە ئەوەش کاریگەری دەکاتە سەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.

ئەوەش خراوەتە روو، ئاستی گەڕاندنەوەی نەختینەی ساڵانەی بانکەکان بۆ بانکی ناوەندی لە ٦٠ ترلیۆنەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٦٩ ترلیۆن دینار، و پێشبینیش دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵدا بەرزبێتەوە بۆ زیاتر لە ٧٣ ترلیۆن دینار.

لەو بارەیەشەوە عومەر حەلبوسی شارەزای ئابووری و سیستمی بانکی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا هاوڵاتییانی عێراق کەمتر بانکەکان پارەداردەکەن بەهۆی پشتبەستنیان بە سیستمی نەختینەوە. وتیشی، "پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش ئاستی گەشەی ئابووری بەهۆی بە بانکیکردنی سەرجەم کەرتە دارایی، پیشەسازی و کشتوکاڵییەکانی عێراقەوە بە رێژەیەکی بەرچاو گەشە بکات".

ئەوەش لە کاتێکدایە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بە ئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم مامەڵەداراییەکانەوە دەتوانن ئاستی پارەدارکردن و گەڕاندنەوەی دینار بۆ بانکەکان بەرزبکەنەوە. وتیشی، "لە ئێستادا ئابووری عێراق بە رێژەی ٤.٣٪ گەشەی بەخۆیەوە دیوە و ئەوەش خاڵێکی ئەرێنیی دەبێت بۆ سیستمی بانکی عێراق ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش".













گەلەری