سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بەرزیدا جێگیرە

AM:08:12:20/03/2024

664 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی پێنوێنی بازاڕی جیهانی نەوت لە ئێستادا یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٨٧ دۆلار و ٢٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە دوێنێ سێشەممە نزیکی یەک دۆلار لە نرخەکەی بەرز بووەتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، بەگوێرەی پێنوێنی بازاڕی جیهانی نەوت، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساس بە ٨٣ دۆلار و ٢١ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەوەش بەراورد بە دوێنی نرخەکەی نزیکەی یەک دۆلار بەرز بووەتەوە.

هۆکاری بەرزبوونەوەکانی نەوت لە هەفتەی رابردوودا بە رێژەی ٤٪ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ماوەی شەش مانگە، جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل و گرژییەکانی دەریای سوور لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی و گروپە لەیاسا دەرچووەکانی یەمەن سەری هەڵداوە، ئەو گروپە لەیاسا دەرچووانە هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لە دەریای سور و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بۆ سەروو ٨٠ دۆلار، و هیرشەکانی ئۆکرانیاش بۆ سەر کەشتیە نەوتی و کێڵگە نەوتیەکانی روسیاش نەوتی گەیاندووەتە سەروو ٨٥ دۆلارەوە.

لەلایەکی تریشەوە، چاودێرانی ئابووری عێراق ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت دەگەڕێننەوە بۆ کەمبوونەوەی نەوتی خاو لە کۆگاکانی ئەمریکادا و زۆربوونی خواستی جیهانی لەسەر نەوتی خاو هاوکات فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییە هەرێمییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکارێکی بەردەوامە.

دەشڵێن، " سەرەڕای ئەوەی کە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و داهاتی نەوتی عێراق بەرێژەی ٤٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام بەهۆی پابەند بوون بە بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی هەناردەکردنی رۆژانە داهاتی نەوتی وەک خۆی دەمێنێتەوە لە سەر ئاستی مانگەکە".

هاوکات، رۆژی ١٨ـی مانگی ئازار وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکانی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیک پڵەس بۆ جێگیرکردنی نرخی نەوت، وەزارەتەکەیان شانبەشانی ئەو وڵاتانە دەست دەکات بە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بە شێوەیەکی خۆبەشانە.













گەلەری