سەردێڕ:

ئەمریکا و بەریتانیا شەش هێرشیان بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی یەمەن ئەنجامدا

PM:11:06:18/03/2024

1012 جار خوێندراوەتەوە

میدیای سەر بە گروپە چەکدارەکانی یەمەن بڵاویکردەوە، لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە شەش هێرش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکانی یەمەن ئەنجامدراوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، میدیای سەر بە گروپە چەکدارەکانی یەمەن بڵاویکردەوە، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی بەریتانیا و ئەمریکاوە شەش هێرش بۆ سەر ناوچەی فازە و جوبانە لە رۆژئاوای پارێزگای حودەیدە ئەنجامدراوە.

رۆژی رابردوو، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، دوو درۆن و پێنج کەشتی گروپە چەکدارەکانی یەمەنیان کە مەترسی بوون بۆ سەر هێزەکانیان لە دەریای سوور تێکشکاندووە.

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە گروپە چەکدارەکانی یەمەن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو کەشتیانە دەکەنە ئامانج کە خاوەندارێتی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکانن یان بەڕێوەدەبرێن یان کەلوپەل بۆ ئیسرائیل دەگوازنەوە، ئەمەش وەک هاوسۆزییەک لەگەڵ کەرتی غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە لەژێر هێرشی ئیسرائیلدایە.

هاوکات لە ١٢ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، ئەمریکا و بەریتانیا هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی گروپە چەکدارەکان دەست پێکردووە بە ئامانجی سنووردارکردنی تواناکانی ئەو گروپانە و وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی لەلایەن ئەو گروپانەوە دەکرێنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سور و کەنداوی عەدەندا.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە گروپە چەکدارەکانی یەمەن زیاتر لە ٥٠ هێرشیان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سور و کەنداوی عەدەندا و ئەمریکا و بەریتانیاش بەردەوامن لە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە لەرێگەی بۆردومان کردنی پێگەکانی گروپە چەکدارەکانەوە.













گەلەری