سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی مووچەی مانگی شووبات

PM:06:11:16/03/2024

112288 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تاوەکو ئەم ساتە هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شووبات بەو بڕە پارەیەی کە لەبەردەستدایە. دەشڵێت، " تاوەکو بەغدا پارەی دیکەمان بۆ نەنێرێت مووچە دابەش ناکەین".


ئەمڕۆ شەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، داوایان لە بەغدا کردووە بڕێکی دیکە پارەیان بۆ بنێرێت بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا هیچ وەڵامێکی ئەو داوایەی نەداونەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو سبەی یەکشەممە چاوەڕوانی وەڵامی بەغدا دەبن بۆ ناردنی پارەی دیکە بۆ هەرێم، ئەگەر بەغدا هیچ وەڵامێکیان نەداتەوە ئەوا شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ حکومەتی عێراق دەست بە دانوستانکردن دەکەن لەوبارەیەوە.

باسی لەوەش کرد، لە ماوەی سەردانەکەیدا، شاندەکە بەتایبەتی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ دادگای فیدڕاڵیدا دەکات لەسەر ئەو بڕیارانەی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەری کردووە.

وتیشی، تاوەکو بەغدا بڕێکی دیکە پارە نەنێرێت بە هیچ شێوەیەک دەست بە دابەشکردنی مووچە ناکەن لەو بڕە پارەی کە لەبەردەستدایە.

پیشتر، ئێن ئاڕ تی ئەوەی ئاشکرا کرد، هەریەک لە دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی کاربەڕێکەر، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی کاربەڕێکەر، ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی کاربەڕێکەر، حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی کاربەڕێکەر و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە کە سەر بە یەکێتین رەزامەند بوون لەسەر دابەش نەکردنی مووچە.

دواتریش، ئاوات جەناب وەزیری دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی لەبارەی راگرتنی مووچەوە پشتڕاسکردەوە و رایگەیاند، "سەرجەم وەزیرەکان یەکدەنگ بووین لە پاڵپشتی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆران".

هاوکات، ئێن ئاڕ تی ئەوەشی زانیوە کە پارتی و یەکێتی بە هاوبەشى دەستیان بەسەر مووچەی خەڵکدا گرتووە و بە بڕیاری مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دابەشکردنی مووچە راگیراوە، لە کاتێکدا بەغدا ٥٦٠ ملیار دیناری ناردووە و داهاتى سێ مانگی ناوخۆش بەردەستە کە مانگانە ٣٥٠ ملیار دینارە.

هێرش قادر – هەولێر













گەلەری