سەردێڕ:

ئەمریکا: ١١ هێرشی گروپە چەکدارەکانى یەمەنمان تێکشکاند

AM:10:01:15/03/2024

764 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیى ناوەندیى هێزەکانى ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان لە دەریای سوور بەرپەرچى هێرشێکى بەرفراوانى گروپە چەکدارەکانى یەمەنیان داوەتەوە و نۆ موشەک و دوو هێرشی درۆنیان تێک شکاندووە.


ئەمڕۆ هەینی، فەرماندەیى ناوەندیی هێزەکانى ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، گروپە چەکدارییەکانی یەمەن هێرشێکى بەرفراوانیان بە درۆن و مووشەکی بالیستی بۆ سەر کەشتییەکانى دەریاى سوور لە سێ لاوە ئەنجام داوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەمریکا بە هاوکاریى هاوپەیمانەکانى بەرپەرچى هێرشەکانی داوەتەوە و سەرجەم هێرشەکانى تێکشکاندووە بەبێ ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان کە کەشتیە سەربازی و بازرگانییەکانی ئەمریکا بووە.

باس لەوەش کراوە، لە رۆژی ١٢ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە چەندین سەکۆی هەڵدانی موشەک و درۆن لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى گروپە چەکدارەکانى یەمەن کە زیاتر بووە لە ٦٣ پێگەی سەربازی لەلایەن ئەمریکاوە بەئامانج گیراوە و تێک شکێنراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٣ـی ئازار فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، بەرپەرچی چوار هێرشیان داوەتەوە کە لە رێگەی مووشەکەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکانی یەمەنەوە ئاڕاستەی هێزەکانیان کراوە.

ئەوەش لە کاتیکدایە، لە رۆژی ١٩ـی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە لەلایەن گروپەچەکدارەکانی یەمەنەوە چەندین هێرش کراوەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور کە بەهۆیەوە ١٢٪ـی جوڵيی بازرگانی جیهان گرفتی بۆ دروستبووە، پێشتریش واشنتۆن رایگەیاند کە سەرکردایەتی هاوپەیمانێتیەکی سەربازی دەکەن لە پێناو پاراستنی جووڵەی بازرگانی دەریای سوور.













گەلەری