سەردێڕ:

رێژەی فرۆشی بانکی ناوەندی لەم هەفتەیەدا زیاترە لە ملیارێک دۆلار

PM:11:52:14/03/2024

880 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار هەوڵدراوە بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بۆ رێگەگرتن لە دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری نافەرمی زیاتر لە ملیاریک دۆلار بخرێتە بازاڕەکانی ناوخۆوە. دەشڵێت،" رێکارەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دۆلار چڕتر بووەتەوە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە رێگای سەکۆی ئەلیکترۆنی خستنەڕووی دراوی بیانیەوە رایگەیاند، لە رۆژی ١٠ تا ١٤ـی ئازاری ئەمساڵ بە تێکڕا یەک ملیار و ١٠٣ ملیۆن و ٩٦٥ هەزار و ٣٦٢ دۆلار بە نرخی فەرمی بانکەکە فرۆشراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک لەو رێژەیەش ٧٩ ملیۆن و ١٥٨ هەزار و ٩٤٣ دۆلاری بەشێوەی کاش فرۆشراوە، بەراورد بە هەفتەی یەکەمی مانگی ئازار ٢٠ ملیۆن دۆلار کەمتر دۆلاری کاش فرۆشراوە.

باس لەوەش کراوە، بە مەبەستی رێگەگرتن لە دەستڕاگەیشتنی بازرگانە بچووکەکان بە دۆلاری نافەرمی لە بازاڕەکانی ناوخۆدا بڕی یەک ملیار و ٢٤ ملیۆن و ٨٠٦ هەزار و ٤١٩ دۆلار فرۆشراوە کە لە هەفتەکانی رابردوودا بەرامبەربوو بە فرۆشی هەردوو شێوەی کاش وحەواڵە.

هاوکات عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی فراوانکردنی ئاستی بازرگانی ناوخۆیی و دەرەکی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە بانکە سزادراوەکان بۆ کەمکردنەوەی سزاکان لە گفتوگۆدان. وتیشی، "بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرز دەکەنەوە".

ئاستی فرۆشی بانکەکە لەم هەفتەیەدا؛ ئاستی حەواڵە بەرزترین ئاستبووە

فرۆشی رۆژی یەکشەممە ١٠ـی ئازار، بە تێکڕا ٢٠٩ ملیۆن و ٤٢٦ هەزار و ٥٨٤ دۆلار فرۆشراوە و لەو رێژەیەش زیاتر لە ١٩٢ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە.

رۆژی دووشەممە ١١ـی ئازار، ٢١٣ ملیۆن و ٤١٩ هەزار و ٦٨ دۆلار فرۆشراوە کە لەو رێژەیەش نزیکی ١٩٦ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە .

رۆژی سێشەممە ١٢ـی ئازار، ئاستی فرۆشی دۆلار بۆ ٢٢٠ ملیۆن دۆلار بەرزکرایەوە و لەو رێژەیەش ١٩٦ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە.

رۆژی چوارشەممە ١٣ـی ئازار، ئاستی فرۆشی دۆلار لە دووەم بەرزترین ئاستدا بووە و بە تێکڕا نزیکی ٢٢٥ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە لەو رێژەیەش بەرزترین رێژەی حەواڵەی دەرەکی هەبووە کە نزیکی ٢١٤ ملیۆن دۆلار بووە.

رۆژی پێنجشەممە ١٤ـی ئازار، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا بەرزترین ئاستی فرۆشی دۆلاربووە کە بە تێکڕا نزیکی ٢٣٦ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە و لەو رێژەیەش نزیکی ٢٢٧ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵە بووە.













گەلەری