سەردێڕ:

وەزیری دارایی عێراق: بۆ دابەشکردنی مووچە بەهیچ شێوەیەک کار بە پڕۆژەی "هەژماری من" ناکەین

PM:02:42:13/03/2024

18688 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بۆ دابەشکردنی مووچە بەهیچ شێوەیەک کار بە پڕۆژەی "هەژماری من" ناکەن.


ئەمرۆ چوارشەممە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەوان پارەی کەمیان نەناردووە بەڵکو ئەو بڕە پارەیەیان ناردووە کە حکومەتی کاربەڕێکەر داوای کردووە بۆیان بنێردرێت بە گوێرەی ئەو لیستانەی کە رەوانە کراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، داوا کراوە کە لە یەک مانگدا پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەواو بێت تا لەوە زیاتر مووچەخۆرانی هەرێم مووچەکانیان دوا نەکەوێت و لە ئێستاشدا بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات زیاتر لە ٥٦٠ ملیار دیناریان بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر ناردووە.

باسی لەوەش کردووە، داوایان کردووە کە هەرێم زانیارییەکانی پرۆژەی "هەژماری من" بداتە بەغدا، بەڵام هەرێم ئامادە نەبووە زانیارییەکانیان پێ بدات، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی کە نەتوانن بەهیچ جۆرێک لە رێگەی هەژماری منەوە مووچە دابەش بکەن و ناشیانەوێت لە رێگەی ئەو هەژمارەوە مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بنێرن.

هاوکات، سەبارەت بە مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش جەختی لەوە کردەوە، کە ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیان و میلاکی هێزە ئەمنییەکانیان پێنەگەیشتووە بۆیە نەیانتوانیووە هیچ بڕە پارەیەک بنێرن، بە گوێرەی یاسای بودجە ناتوانن بەبێ زانینی ژمارەی مووچەخۆری هێزە ئەمنییەکان و پلەکانیان مووچە بنێرن.

لەلایەکی تریشەوە، ئاریان تاوەگۆزی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕیوە کە لەماوەی ١٥ رۆژدا هەژماری بانکی بۆ تەواوی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بکەن ئەگەر حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم هاوکاریان بکەن، ئەگەر هەژماری بانکیان بۆ نەکەنەوە ناتوانن موچەی مانگی سێ دابین بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی شەش مانگە موچەخۆرانی هەرێم مووچەی تەنها یەک مانگیان وەرگرتووە و سەرەڕای هەبوونی داهاتی ناوخۆی زیاتر لە ترلیۆنیک دینار حکومەتی کاربەڕێکەر ئامادە نییە موچەدابەش بکات و چاوەڕێی پارەکەی بەغدا دەکات بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات.













گەلەری