AM:08:07:13/03/2024
532 جار خوێندراوەتەوە
پاش ئەوەی نرخی نەوت بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە نزمیدا جێگیر بوو، ئەمڕۆ جارێکی دیکە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینێکی کەمی بەخۆیەوە بینی و لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٨٢ دۆلار و ٤١ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەمەش بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی چوار سەنت دابەزیوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرەڕای ئەوەی بە رێژەی ٠.٠٨٪ بەرزبوونەوەی هەبووە بەڵام بە پێی راپۆرتە جیهانییەکان و پێنوێنی جیهانی نرخی نەوتی رۆژئاوای تێکساس لە نزیمدا ماوەتەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی خاو بە ٧٨ دۆلار و پێنج سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لەلایەکی تریشەوە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی رۆژانەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان
لەلایەن وڵاتانی بەژداربووی ئۆپیک پڵەس بەتایبەت عێراق و سعودیە لە وڵاتانی عەرەبیدا
نەبووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەڵکوو تا ئاستێکی بەرچاو بە جێگیری ماوەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، بەمەبەستی سەقامگیربوونی
خواست و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا جارێکی دیکە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان
و هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان تا رۆژی ١ـی حوزەیران درێژکرایەوە.
ماوەی شەش مانگە بەهۆی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە دەریای سور گرژیی
لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانیدا و گروپە لەیاسا دەرچووەکانی یەمەن سەری هەڵداوە
و ئەو گروپە لەیاسا دەرچووانە هێرشدەکەنە سەر کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت لە دەریای
سور و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بۆ سەروو ٨٠ دۆلار.