سەردێڕ:

غەززە؛ لە سەرەتای جەنگەوە زیاتر لە ٣١ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە

PM:05:23:12/03/2024

684 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستیی غەززە رایگەیاند، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە، ئاماری گیانلەدەستدان بۆ زیاتر لە ٣١ هەزار کەس بەرز بووەتەوە. لە بەرامبەریشدا، بەهۆی هێرشەکانی حەمماسەوە زیاتر لە هەزار ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە.


ئەمڕۆ سێشەممە تەندروستی غەززە ئاماری گیانلەدەستدانی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، لە سەرەتای جەنگەوە تا ئەمڕۆ، ٣١ هەزار و ٦١١ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٢ هەزار و ٨٨٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاماژە بەوەش کراوە، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە لە ژێر دارووپەردووی خانووە رووخاوەکاندا ماونەتەوە و تیمەکانیان نەیانتوانیوە دەریان بهێنن.

هاوکات بە پێی دواین ئاماریش لە ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەمماسەوە، هەزار و ١٣٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە ٧ــی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس سەری هەڵداوە، لە ئێستاشدا بەهۆی مانگی رەمەزانەوە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چڕتر بوونەتەوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.

لە چەند رۆژی رابردووشدا ، قوبرس، کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ئەمریکا، ئیمارات و بەریتانیا دەستیانکرد بە دامەزراندنی رێڕەوێکی دەریایی بۆ ئەوەی راستەوخۆ هاوکاری پێشکەشی غەززە بکەن و لە مانگی رەمەزاندا گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەردەوامی هەبێت.













گەلەری