سەردێڕ:

سەرۆکایەتی سودان مەرجێک بۆ ئاگربەست لە مانگی رەمەزاندا دادەنێت

سودان- ئەنادۆڵ
PM:10:43:10/03/2024

1112 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی رەشنووسی جێبەجێکردنی ئاگربەستی لە سودان لە مانگی رەمەزاندا پەسەند کرد، یاریدەدەری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی سودان کە سەرۆکی وڵاتەکەشە رایگەیاند، تاوەکو هێزەکانی پشتیوانی خێرا رێککەوتنامەی جددە جێبەجێ نەکەن، بە هیچ شێوەیەک ئاگربەست نابەسترێت.


ئەمرۆ یەکشەممە، یاسر عەبدولڕەحمان یاریدەدەری عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی سودان رایگەیاند، لە مانگی رەمەزاندا بە هیچ شێوەیەک ئاگربەست ناکرێت، تاوەکو هێزەکانی پشتیوانی خێرا رێککەوتنامەی جددە جێبەجێ نەکەن کە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو واژۆ کرا.

ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی سودان لە یەک کاتدا دانوستان دەکات بۆ وەستاندنی شەڕ، ئەویش کاتێک هێزەکانی پشتیوانی خێرا پابەند دەبن بە جێبەجێ کردنی دەرئەنجامەکانی رێککەوتنامەی جددە.

سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ۱۱ی ئایاری ۲۰۲۳ لە میانی دانوستانێکدا کە لە ناوچەی جددە بەڕێوەچوو، رێککەوتن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی پشتیوانی لە ماڵەکانی هاوڵاتیان و دامەزراوە گشتییەکان و مەدەنییەکان، هەروەها کشانەوەیان لە ویلایەتەکانی جەزیرە و سەننار و نیالا و ئێل جینینە و زەلینگی و دەعی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی رابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پشتیوانی ١٤ وڵات، رەشنوسی یاساکەی پەسەند کرد کە تێیدا داوای پێکهێنانی ئاگربەستی دەکرد لە سودان لە مانگی رەمەزاندا.

لە رۆژی ١٥ی نیسانی ساڵی رابردووەوە شەڕی ناوخۆ لە نێوان هێزەکانی سوپا و هێزی پشتیوانی خێرا هەڵگیرسا و تا ئێستاش شەڕەکە بەردەوامە و بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ١٣ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسیش ئاوارە بوون.













گەلەری