سەردێڕ:

غەززە؛ لە رەمەزاندا ئاگربەست ئەنجام دەدرێت؟

غەززە
PM:08:37:10/03/2024

1320 جار خوێندراوەتەوە

حەماس رایگەیاند، هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ گەڕانەوەی شاندی دانوستانکارانی گروپەکە بۆ میسر بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەززە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، گروپی چەکداری حەماس رایگەیاند، ئیسرائیل داواکاری گروپەکەی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست رەتکردووەتەوە و ئەگەری هەیە لە مانگی رەمەزاندا ئاگربەست رانەگەیەنرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ ئەوەی شاندنی دانوستانکارانی بزووتنەوەکەیان سەردانی پایتەختی میسر بکەن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.

دەشڵێت، "لە ئەگەری رەتکردنەوەی ئاگربەستدا، پێویستە لە مانگی رەمەزاندا سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنەکانی کوشتن رابگرن و لە غەززە بکشێنەوە و رێگە بە هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان بدەن ".

لە ئێستادا، لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەکانیان بۆ ئەوەی ئاگربەستی کاتی رابگەیەنن چڕتر کردووەتەوە تا هاوڵاتیانی غەززە بتوانن بەبێ بوونی ئاڵۆزییەکان مانگی رەمەزان بەڕێبکەن.

ساڵی رابردوو دوای ٤٨ رۆژ لە جەنگ و گەمارۆدان ٢٤ ـی مانگی ١١ ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس ئاگربەستێکی چوار رۆژەیان دەستپێکرد و دواتر بۆماوەی دوو رۆژ درێژیان کردەوە، لەو کاتەشەوە، هیچ ئاگربەستێکی دیکە لەو شارە نەکراوە و بە زەحمەت هاوکارییە مرۆییەکان دەگاتە هاوڵاتیانی غەززە.

جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بەردەوامە، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە.













گەلەری