سەردێڕ:

شاندی حەماس بۆ راوێژ لەگەڵ سەرکردایەتی بزوتنەوەکە دانوستانەکانی ئاگربەستی جێهێشت

PM:09:21:07/03/2024

3296 جار خوێندراوەتەوە

بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، دانوستانەکان بەردەوامن بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و پێکهێنانی ئاگربەست و لە ئێستادا شاندی حەماس بۆ راوێژ لەگەڵ سەرکردایەتی بزوتنەوەکە دانوستانەکانی قاهیرەیان جێهێشتووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، دانوستانەکان بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و پێکهێنانی ئاگربەست بەردەوامن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا شاندی حەماس بۆ راوێژ لەگەڵ سەرکردایەتی بزوتنەوەی حەماس دانوستانەکانی قاهیرەیان جێهێشتووە.

لای خۆشیەوە، کەناڵی هەواڵی قاهیرە بڵاوی کردەوە، هەفتەی داهاتوو دانوستانەکان دەست پێدەکاتەوە و لە ئێستادا راوێژکاری لەنێوان هەموو لایەنەکاندا بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست پێش مانگی رەمەزان.

بە نێوەندگیری میسر و قەتەڕ و ئەمریکا ماوەی چەند هەفتەیەکە دانوستان بەردەوامە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئاگربەست بۆ ماوەی شەش هەفتە و ئازاد کردنی دیلەکانی نێوان هەردوو لا و رێگەدان بە چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆیەکان بۆ کەرتی غەززە.

دوای ٤٨ رۆژ لە جەنگ و گەمارۆدان ٢٤ ـی ١١ـی ساڵی رابردوو ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس ئاگربەستێکی چوار رۆژەیان دەستپێکرد و دواتر بۆماوەی دوو رۆژ درێژیان کردەوە و رێککەوتن لەسەر ئەوەی حەماس ٥٠ دیلی ئیسرائیلی و بیانی رزگار بکات و لە بەرامبەر هەر یەکیان ئیسرائیل سێ دیلی فەڵەستینی رزگار بکات.

جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بەردەوامە، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە.













گەلەری