سەردێڕ:

بۆ هاوسەنگکردنی بازاڕ؛ ئەمریکا نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوت دەکڕێت

PM:03:37:07/03/2024

812 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا بەنیازە بۆ هاوسەنگکردنی بازاڕ و قەرەبووکردنەوەی ئەو بڕە نەوتەی کە ساڵی ٢٠٢٢ لە ئەنجامی کاردانەوەکانی جەنگی ئۆکرانیا ئەمریکا لە یەدەگی سراتیژی وڵات خستییە بازاڕەوە، نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بکڕێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، کارگێڕی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە پاشخانی کاردانەوەکانی جەنگی ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا ئەمریکا نزیکەی ١٨٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە یەدەگی ستراتیژی وڵاتەکە فرۆشت کە ئەوەش ئاستێکی پێوانەیی بوو لە فرۆشتنی نەوتی یەدەگی وڵاتەکە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو بڕە نەوتە و پاراستنی هاوسەنگی بازاڕ، ئەمریکا بەنیازە نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگ بکڕێت. دەشڵێت، "بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتوودا ئەو بڕە نەوتە بخرێتە سەر یەدەگی ستراتیژی نەوتی ئەمریکا".

پێشتریش کارگێڕی وزەی ئەمریکا چەند جارێک رایگەیاندووە، هەوڵی قەرەبووکردنەوەی ئەو بڕە نەوتە دەدەن کە لە یەدەگی نەوتی وڵاتەکە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ئەنجامی کاردانەوەکانی جەنگی ئۆکرانیا فرۆشراوە، ئەوەش بۆ پاراستنی هاوسەنگی بازاڕە.

هاوکات، بەپێی زانیارییەکانی کارگێڕی وزەی ئەمریکا یەدەگی ستراتیژی نەوت ٧١٠ هەزار بەرمیل زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٣٦١ ملیۆن بەرمیل.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو ئاستی کۆگاکانی نەوتی خاو لە ئەمریکا بەرزبووەوە و گەیشتە زیاتر لە ٤٤٨ ملیۆن بەرمیل کە ئەوەش بە بەرزترین ئاستی چوار مانگی رابردوو دادەنرێت.













گەلەری