سەردێڕ:

فرۆشی بانکی ناوەندی لە مانگی شوباتدا زیاتر بووە لە چوار ملیار دۆلار

PM:03:25:05/03/2024

744 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی ١ـی شوبات تا رۆژی ٢٩ـی شوباتی ئەمساڵ زیاتر لە چوار ملیار دۆلار فرۆشراوە، لەو رێژەیەش ١٢٪ـی بەشێوەی کاش بووە و ٨٨٪ـی بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە رێگای سەکۆی ئەلیکترۆنی تایبەت بە خستنەڕووی دۆلار رایگەیاند، لەماوەی مانگی رابردوودا بە تێکڕا لەلایەن بانکەکان و بازرگانەکانەوە بڕی چوار ملیار و ٣١ ملیۆن و ٩٢١ هەزار و ٤٦٧ دۆلار بە نرخی فەرمی فرۆشراوەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەو ماوەیەدا بە تێکڕا ٤٨٣ ملیۆن و ٨٣٠ هەزار و ٥٧٧ دۆلاری بەشێوەی کاش فرۆشراوە و بە تێکڕاش سێ ملیار و ٥٤٨ ملیۆن و ٩٠ هەزار و ٨٩٨ دۆلار بە شێوەی حەواڵەی دەرەکی فرۆشراوەتەوە.

هاوکات، لە هەفتەی سێیەمی مانگی شوباتدا بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بە تێکڕا داواکاری بۆ کڕینەوەی زیاتر لە ملیاریک دۆلار پێشکەش کراوە و لەو رێژەیەش زیاتر لە ١١٠ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش بووە، ئەوەش بە بەرزترین ریژەی فرۆشی کاشی هەفتانە دادەندرێت لەو مانگەدا کە بەتێکڕا ٣٠٪ زیاترە.

لەلایەکی ترەوە، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی مانگی کانوونی دووەمدا بەتێکڕا زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری بە نرخی فەرمی فرۆشتووە بە بانک و بازرگانانی ناوخۆ، لەو رێژەیەش ٩٢.٥٪ـی بەشێوەی حەواڵە بووە و تەنها ٧.٥٪ـی بەشێوەی کاش بووە کە زیاتر بووە لە ٣٣١ ملیۆن دۆلار.

لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، ١٥٦ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار فرۆشراوەتەوە و زۆرترین رێژەی فرۆش بە شێوەی حەواڵە بووە لە نێوان ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٣ و بە تێکڕا ١٣١ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار فرۆشراوەتەوە و زۆرترین رێژەی فرۆشی حەواڵە لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا بووە بە رێژەی ٤٨ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن و١١٠ هەزار دۆلار.













گەلەری