سەردێڕ:

بانکی ناوەندیی ئێران مامەڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە دۆلارەوە گۆڕی بۆ یۆرۆ

AM:08:56:05/03/2024

8368 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، بەمەبەستی بەردەوامیدان بە جوڵەی گەشتیاری و بازرگانی لە نێوان عێراق و ئێران گۆڕانکاریکرا لە مامەڵە داراییەکان لە دۆلارەوە بۆ یۆرۆ. دەشڵێت، " هەر گەشتیارێک لە مانگی ئازاردا گەشت بۆ عێراق بکات بڕی هەزار یۆرۆی بە نرخی فەرمی بانکەکە بۆ دابین دەکرێت".


ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی ناوەندیی ئێران لە سەکۆی تایبەت بە مامەڵەداراییەکانی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بە پشتبەستن بە سیاسەتی دراوی کۆماری ژمارە ١٤، بڕیار دراوە بە گۆڕانکاری لە مامەڵە داراییەکاندا لە دۆلارەوە بۆ یۆرۆ و تمەنی ئێرانی.

ئاماژە بەوەش کراوە، هەر کەسێک بە مەبەستی گەشتکردن لە مانگی ئازارەوە سەردانی عێراق بکات، بڕی هەزار یۆرۆی بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندیی بۆ دابین دەکرێت.

باس لەوەش کراوە، لە کۆبوونەوەی رابردوویان لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق تاوتوێی گۆڕانکاری کراوە لەسەرجەم جوڵە بازرگانی و گومرگییەکانی نێوانیان لە دۆلارەوە بۆ یۆرۆ و بۆ ئەو مەبەستەش ئاسانکاری تەواو بۆ بازرگانان دەکرێت.

وتیشی، "هەر گەشتیارێکی عێراقی سەردانی وڵاتەکەمان بکات، رێگەی پێنادرێت بە دۆلار مامەڵە بکات و دەبێت تەنها یۆرۆ یاخود تەمەنی ئێرانی بەکار بهینێت".

ئەوەش خراوەتە روو، بڕیارەکە لە ئەمڕۆ، ٥ـی ئازارەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەر کەسێکیش پێچەوانەی یاساکان بکات، بە تۆمەتی سپیکردنەوەی دراو وەک ئەوەی بڕیاری لەسەردراوە، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ هەریەک لە نوێنەرانی بانکی ناوەندیی ئێران و بانکی ناوەندیی عێراق رێککەوتن لەسەر گۆڕانکاریکردن لە سەرجەم مامەڵە داراییەکانی نێوانیان لە دۆلارەوە بۆ یۆرۆ و تمەنی ئێرانی.













گەلەری