سەردێڕ:

نرخی نەوت دابەزی

AM:08:22:05/03/2024

828 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی عێراق و وڵاتانی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بڕیاریاندا بە درێژکردنەوەی وادەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی و لە ئێستادا بە گوێرەی پێنوێنی بۆرسەی جیهان نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٨٢ دۆلار و ٥٩ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە رۆژی رابردوو نرخەکەی زیاتر لە یەک دۆلار دابەزیوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، پاش ئەوەی لە هەفتەی رابردوودا نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە رێژەی ١.٧١٪ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینی بەهۆی ئەوەی ئاستی پێشبینیکراوی یەدەگی نەوتی ئەمریکا زیاتربووە لە ئاستی یەدەگی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، لە ئێستادا بە گوێرەی پینوێنی بازاڕی جیهانی نەوت نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٧٨ دۆلار و ٤٢ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

رۆژی ٤ـی ئازار وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی ٢٢٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ.

هاوکات، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، بەمەبەستی سەقامگیربوونی خواست و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا جارێکی دیکە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان تا رۆژی ١ـی حوزەیران درێژکرایەوە.

سەبارەت بە کەمکردنەوەی کۆمەڵەکەش ئەوە خراوەتە روو، روسیا بە تێکڕا بڕی ٤٧١ هەزار بەرمیل کەمتر هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات و سعودیەش یەک ملیۆن بەرمیل کەمتر هەناردە دەکات.

لەلایەکی تریشەوە جەخت لەوەش کراوەتەوە، عێراق لەپێناو سەقامگیرکردنی بازاڕ بەشێوەی خۆبەخشانە ٢٢٠ هەزار بەرمیل کەمتر هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات، کە ئەوەش هاوکار دەبێت لە سەقامگیربوونی بازاڕ بەڕێژەی ٥٪.













گەلەری