سەردێڕ:

مانگی رابردوو عێراق زیاتر لە ٩٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە؛ داهاتەکەی چەند بووە؟

PM:04:08:03/03/2024

828 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی شوباتدا زیاتر لە ٩٩ ملیۆن بەرمیل فرۆشراوە لەو رێژەیەش ٩٨ ملیۆن بەرمیل لە بەسڕەوە هەناردەکراوە بۆ بازاڕەکانی جیهان بە تێکڕای ئاستی فرۆشی رۆژانەی زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل.


وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، مانگی رابردوو لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقەوە (سۆمۆ) بە تێکڕا ٩٩ ملیۆن و ٥٩٢ هەزار و ٣١١ بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، تێکڕای فرۆشی رۆژانەی نەوتی عێراق بەهۆی پابەندبوون بە بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەسەوە ٢٠٠ هەزار بەرمیل کەمتر بووە بەراورد بە مانگەکانی رابردووتر بەوەش تێکڕای فرۆشی رۆژانە سێ ملیۆن و ٣٨٥ هەزار و ٦٤٠ بەرمیل نەوت بووە.

باسی لەوەش کرد، بەرزترین رێژەی هەناردەکردن لە رێگای کێڵگە نەوتییەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە بووەکە بە تێکڕا ٩٨ ملیۆن و ١٨٣ هەزار و ٥٥٤ بەرمیل هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە بە تێکڕای نرخی زیاتر لە ٧٧ دۆلار.

ئەوەشی خستوەتە روو، لە مانگی شوباتدا بڕی ٤٣٣ هەزار و ١٢٦ بەرمیل نەوت بۆ ئەردەن هەناردەکراوە بە نرخی ١٥ دۆلار کەمتر لە پینوێنی جیهان و بڕی ٩٧٥ هەزار و ٦٣١ بەرمیلیش لە رێگای گەیارەوە هەناردە کراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بە گوێرەی پێنوێنی خشتەی فرۆشی نەوتی کۆمپانیای سۆمۆ پێشبینی دەکرێت، داهاتی نەوتی مانگی شوبات زیاتر بێت لە هەشت ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بەهۆی مانەوەی نرخی نەوت لە بەرزیدا بۆ ماوەی زیاتر لە سێ هەفتە.

لە هەمان کاتدا، بەپێی ئاماری سەرەتایی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی "سۆمۆ" کۆی نەوتی هەناردەکراوی مانگی یەکی ئەمساڵ، ١٠٣ ملیۆن و ٥٠٨ هەزار و ٤٣٨ بەرمیل بووە. وتیشی " لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ١٠٢ ملیۆن و ٢٥ هەزار بەرمیل بووە و بەتیکڕا ئاستی هەناردەکردن ٥٪ زیاتربووە لە مانگی شوبات".













گەلەری