سەردێڕ:

پێشهاتەکانی جەنگی فەڵەستین؛ ئاماری گیانلەدەستدان ٣٠ هەزار کەسی تێپەڕاند

PM:07:48:29/02/2024

936 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە ٣٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە. میدیاکانی ئیسرائیلیش دەڵێن،" بە پێی دواین ئامار لە ریزەکانی سوپای ئیسرائیلدا ٥٨٢ کەس گیانیان لە دەستداوە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لەسەرەتای جەنگەوە نوێترین ئاماری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کەرتی غەززە ئاماری گیانلەدەستدان بۆ ٣٠ هەزار و ٣٥ کەس بەرز بووەتەوە و ٧٠ هەزار و ٤٥٧ کەسی دیکەش بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا سوپای ئیسرائیل نۆ هێرشی موشەکی ئەنجامداوە لە کەرتی غەززە کە بەهۆیەوە ٨١ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٣٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.

هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، بەپێی دواین ئامارەکان لە سەرەتای جەنگەوە تا ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ـی شوبات لە ریزەکانی سوپای ئیسرائیل ٥٨٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە سێ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەرەبەیانی ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی هەزاران موشەکەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەو هۆیەشەوە جارێکی دیکە جەنگ لە نێوان سوپای ئیسرائیل و فەڵەستیندا هەڵگیرسایەوە.

لە ئێستاشدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەوڵی ئەوەدان لە زووترین کاتدا ئاگربەست لە فەڵەستین رابگەیەندرێت.













گەلەری