سەردێڕ:

ئەمریکا و بەریتانیا سێ هێرشیان بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی یەمەن ئەنجامدا

PM:08:58:26/02/2024

1028 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی یەمەن بڵاویان کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا سێ پێگەی گروپە چەکدارەکانیان لە ناوچەکانی باکووری حودەیدە کردووەتە ئامانج.


ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاکانی یەمەن بڵاویان کردەوە، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە سێ پێگەی گروپە چەکدارەکانی یەمەن لە ناوچەکانی سەلیف و رەئس عیسا لە باکووری حودەیدە کراوەتە ئامانج.

هاوکات، هەر ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا، لەلایەن گروپە چاکدارەکانی یەمەنەوە بە مووشەکی بالیستی کەشتییەکی کیمیایی نەوت هەڵگری ئەمریکا کراوەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەمان رۆژدا بۆ بەرگری کردن لە کەشتییە بازرگانییەکان، سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی گروپە چەکدارەکانی یەمەنیان لە ئاسمانی دەریای سوردا خستووەتە خوارەوە.

ئەوەشی خستە روو، سەرجەم ئەو رێوشوێنانەی دەیگرنە بەر بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سورە لە هێرشی بەردەوامی گروپە چەکدارەکان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە گروپە چەکدارەکانی یەمەن زیاتر لە ٤٥ هێرشیان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سور و کەنداوی عەدەندا.













گەلەری