سەردێڕ:

سێنتکۆم: کەشتیەکی دیکەی نەوتهەڵگری ئەمریکا لە دەریای سور کرایە ئامانج

AM:11:02:26/02/2024

1232 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، گروپە چەکدارەکانی یەمەن کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکایان لە کەنداوی عەدەن بە مووشەک کردووەتە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.


ئەمڕۆ دووشەممە، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، کەشتیەکی نەوتهەڵگری ئەمریکی لە دەریای سوور لەلایەن گروپە چەکدارەکدانی یەمەنەوە کراوەتە ئامانج.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووە، هێرشه‌كه‌ هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌، هاوکات لە وەڵامدا هێزەکانی ئەمریکا دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ئاسمانی دەریای سوور خستە خوارەوە.

جەختی لەوەش کردووە، ئامنج لە وەڵامدانەوەی هێرشی گروپە چەکدارەکانی یەمەن لە دەریای سوردا پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و سەقامگیرییە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لەو هێڵە دەریاییە گرنگە نێودەوڵەتییەدا.

ئەوەش لە دوای ئەوە دێت، رۆژی ٢٥ـی شوبات بەرپرسێکی هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی ٢٤ـی شوبات لەلایەن گروپە چەکدارەکانی یەمەنەوە کەشتیەکی فەرەنسا کرایە ئامانج، بە هەماهەنگی بەریتانیا، ١٨ هێرشی موشەکیان کردووەتە سەر پێگەی گروپە چەکدارەکان. وتیشی، "بەردەوام دەبین لە وەڵامدانەوەکانمان".

پێشتر رێکخراوی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رێژەی بازرگانیکردن لە نۆکەندی سوێس ٤٢٪ کەمبووەتەوە بەهۆی هێرشی بەردەوامی گروپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکانی یەمەنەوە.

بە گشتی لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا هێرشی گروپە چەکدارەکانی یەمەن بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سور دەستیپێکرد و تا دەهات هێرشەکان زیاتر دەبوون، بەو هۆیەشەوە لە بەرەبەیانی رۆژی ١٢ی مانگی کانونی دووەم هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمریکا و بەریتانیا چەند پێگەیەکی تایبەت بە گروپە چەکدارەکانی یەمەنیان بۆردومانکرد، وەک بەرپەچدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەوە دەکرایە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سور.


 













گەلەری