سەردێڕ:

سعودیە: ئەمریکا ئامادەی گفتوگۆیە بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا

PM:11:43:21/02/2024

1916 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری درەوەی سعودیە رایگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا و لەنێویاندا ئەمریکا، ئامادەی گفتۆگۆکردنن سەبارەت بە دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین لەپێناو سەقامگیربوونی دۆخی غەززە و کۆتایی هاتنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسڕائیل.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەمیر فەیسەڵ وەزیری درەوەی سعودیە رایگەیاند، لە ئێستادا زیاتر لە جاران پێداگری لەسەر پێویستی ئاگربەست لە غەززە دەکەن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوڕان لەسەر ئەوەی چارەسەری گرژییەکان دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینە.

ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین و کۆتایی هاتنی جەنگ و گرژییەکان.

ئەوەشی خستە روو، ، پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە غەززە لە ئەستۆی هەموواندایە، لەڕێگەی هێنانەکایەی هاوکارییەوە و پێویستە چارەسەری کێشەکانی نەگەیشتنی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە بکرێت.

باسی لەوەش کرد، کاردەکەن بۆ بەستنی ئاگربەست لە غەززە و کشانەوەی سوپای ئیسڕائیل لە ناوچەکە، هەرچەندە تاکە رێگا بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە غەززە و ئیسڕائیلیش دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی هەزاران موشەکەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە دووبارە لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا جەنگ هەڵبگیرسێتەوە و ببێتە هۆی ئەوەی هەزاران کەس لە هەردوو گیان لەدەستبدەن و بریندار ببن.













گەلەری