سەردێڕ:

گۆڕانکاری زیاتر لە نرخی دۆلاردا روویدا

AM:10:47:21/02/2024

28764 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوەکانی هەرێم نرخی دۆلار گۆڕانکاری زیاتری بەسەرداهات و لە ئێستاشدا بازاڕ چاوەڕوانی خستنەڕووی رێژەی فرۆشی بانکی ناوەندیە، هاوکات ١٠٠ دۆلار بە ١٥١ هەزار و ٩٠٠ دینار مامەڵەی پێوە کرا و بەروارد بە کاتی کردنەوەی بازاڕ لە رۆژی رابردوودا نرخەکەی ١٠٠ دینار گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کاتی کردنەوەی بازاڕی دراوەکاندا بە تێکڕا جیاوازی ١٠٠ دینار لە نێوان بازاڕی دراوەکانی سلێمانی و هەلێردا دروستبووە بە گشتیش لە نێوان ١٥١ هەزار و٩٠٠ دینار تا ١٥٢ هەزار و ٥٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

چەند رۆژێک بەر لە ئێستا نرخی ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٥٢ هەزار و ٥٥٠ دینار، کە ئەوەش بەرزترین نرخی چوار مانگی رابردووی بوو، کە لەو بارەیەوە شارەزایەکی ئابووری باسی لەوەکرد، "دۆلار ئەو بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیوە بەهۆی گرژی و ئاڵۆزی گروپەچەکدارەکان و ئەمریکا بووە لە خاکی عێراق نەوەک هۆکارێکی تر کە شایەنی مەترسی بێت لەسەر دۆلار".

ئەوەش لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندی رۆژی رابردوو بە تێکڕا ٢٦ ملیۆن و ٨٠ هەزار دۆلاری بەشێوە کاش فرۆشتبوو کە بووە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار و پێشبینیش دەکرێت ئەمڕۆ بە رێژەی کاش دۆلار زیاتر داببەزێت.

لەلایەکی تریشەوە شارەزایەکی دراو و پێشبینی دراوەکان لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دۆلار تا ئاستێکی بەرچاو سەقامگیرە و لە خانەی مەترسیدا نەماوە، ئەوەش لە سوودی هاوڵاتیاندایە، بەڵام دەکرێت ئەو رێژەیەی تر بۆ دابەزینی دۆلار خواستی هاوڵاتییان دیاری بکات.

دەشڵێت، "هاوڵاتیان خواستیان بۆ دەستخستنی دۆلار لە نرخی بەرزدا ماوەتەوە ئەوەش هۆکارە بۆ دانەبەزینی دۆلار بەرامبەر بە دینار".

نرخی دراوەکانی دیکە لە هەرێم بەمجۆرەیە:

١٠٠ پاوەند بە ١٩٠ هەزار دینارە

١٠٠ یۆرۆ بە ١٦٣ هەزار و ٤٥٠ دینارە

١٠٠ لیرەی تورکی بە پێنج هەزار دینارە

ملیۆنێک تمەنی ئێرانی بە ٢٧ هەزار و ٨٠٠ دینارە













گەلەری