سەردێڕ:

لەبارەی رەفەحەوە؛ هۆشداری دەدرێتە ئیسرائیل

PM:04:58:20/02/2024

1876 جار خوێندراوەتەوە

رێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، ئەگەر سوپای ئیسرائیل هێرشبکاتە سەر شاری رەفەح کارەساتی مرۆیی روودەدات. دەشڵێت،" پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگری بکەن لە لەشکرکێشی سوپای ئیسرائیل بۆسەر شارەکە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، تۆر وێنسلاند رێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردانێکیدا بۆ شاری رەفەح رایگەیاند، بەهۆی زۆری ژمارەیانەوە دانیشتوانی شاری رەفەح لە باروودۆخێکی خراپدان و پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح دەستپێبکات کارەساتی مرۆیی روودەدات و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگری لە رووداوی لەو شێوەیە بکەن.

وتیشی، "لە ئێستادا ئاوارەکانی کەرتی غەزە لە شاری رەفەح رێوشوێنیان خراپە ، تەنانەت جێگەشیان نییە بۆ نوستن، بۆیە دەبێت هەموو رەچاوی بارودۆخیان بکەین".

پێشتر جێنس لێرک وتەبێژی نووسینگەی یونامی بۆ کاروباری مرۆیی رایگەیاند، تا ئێستا ئیسرائیل سەبارەت بە پلانی چۆڵکردنی شاری رەفەح لە کەرتی غەززە پەیوەندی بە نووسینگەکەیانەوە نەکردووە. وتیشی، "بەشداری لە هیچ چۆڵکردنێکی زۆرەملێدا ناکەین لە ناوچەی رەفەح".

رەفەح شارێکی فەڵەستینییە دەکەوێتە ٣٠ کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای شاری غەززە و بە پێی وتەی دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین، لە ئێستادا نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە رەفەح نیشتەجێن، کە دەکاتە شەش هێندەی ژمارەی دانیشتوانی شارەکە پێش ٧ی ئۆکتۆبەر، بەهۆکاری ئەوەی بەشێکی زۆری ئاوارەکانی کەرتی غەززە رویان لەم شارە کردووە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە.













گەلەری