سەردێڕ:

ئەمریکا هێرشی نوێی بۆسەر بارەگای هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئەنجامدا

PM:11:50:15/02/2024

1828 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، چوار هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای گروپەچەکدارەکانی یەمەن و بەهۆیەوە حەوت موشەکی دژە کەشتیان تێکشاندووە لەگەڵ چەندین کەرەستەی جەنگی هێزەچەکدارەکان.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، وەک بەرپەرچدانەوەی گروپەچەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی یەمەن، چوار هێرشی جیایان کردە سەر بنکە و بارەگاکانیان لەگەڵ ئەو بارەگایانەی بۆ هیرشکردنە سەر کەشتییەکان ئامادەکرابوون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا توانیویانە، حەوت موشەکی کروزی دژە کەشتی و سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و کەشتییەک و چەندین کەرەستەی دیکەی ئەو گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچوانە تێکبشکێنن.

دەشڵێت،" هەموو ئەو کەرەستانە ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی هێرشی جیاجای پێ ئەنجامبدەن بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئێمە و کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوردا".

ئەمەش لە کاتێکدایە، ٩ـی شوبات سوپای ئەمریکا رایگەیاند، حەوت هێرشی نوێیان بۆ سەر گروپەچەکدارەکان ئەنجامدا و بەر پەرچی حەوت موشەکیان داوەتەوە. وتیشی،" هێزەکانمان بەردەوام دەبن لە پاراستنی سەقامگیری دەریای سوور".

هێزە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی یەمەن، لە کۆتایەکانی ساڵی رابردوودا دەستیان بە چالاکییەکانیان کرد، سەرەتا بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سور، دواتر بوونە مەترسی بۆسەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دەریای سوردا.

بەو هۆیەشەوە ئەمریکا دەستی کرد بە بەرپەرچدانەوەی ئەو گروپەچەکدارانە لە چەندین هێرشی جیادا.

لە بەرەبەیانی رۆژی ١٢ـی مانگی یەکی ئەمساڵ هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمریکا و بەریتانیا چەند پێگەیەکی تایبەت بە هێزەچەکدارەکانی یەمەنیان بۆردۆمانکرد، وەک بەرپەچدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی لەلایەن ئەو گروپەچەکدارانەوە دەکرایە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سور.

ئەو هێرشەش کە ئەمریکا و بەریتانیا بە هەماهەنگی ئەنجامیاندا بووە هۆی دروستبوونی کاردانەوە و جێگەی باسی میدیا جیهانییەکان، چونکە چڕترین هێرش بوو بۆسەر ئەو گروپانە.













گەلەری