سەردێڕ:

دادگای لاهای: لە کەرتی غەززە پێشێلی مافەکانی مرۆڤ دەکرێت

AM:12:00:13/02/2024

1880 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی هۆڵەندا بڵاویانکردەوە، بە بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی لاهای هۆڵەندا فرۆشتنی پارچەی فڕۆکەی ئێف ٣٥ بە ئیسرائیل راگرت. دەشڵێت، " ئیسرائیل لە غەززە بەو فڕۆکەیە پێشێلی یاسای مافی مرۆڤ دەکات".


ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاکانی هۆڵەندا بڵاویان کردەوە، دادگای تێهەڵچوونەوەی لاهای بڕیاری داوە بەراگرتنی فرۆشتنی پارچەی یەدەگی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ بە ئیسرائیل، بەهۆکاری ئەوەی لە کەرتی غەززە پێشێلکاری بەو فڕۆکەیە کراوە بەرامبەر بە یاساکانی مافی مرۆڤ.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، لەسەر داوای رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەو بڕیارە دەرچووە و لەماوەی حەوت رۆژدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەوبارەیەوە دادگای لاهای رایگەیاند، پەیوەندییەکانی هۆڵەندا و ئیسرائیل پاساو نییە بۆ ئەوەی پارچەی یەدەگی فڕۆکە بۆ ئیسرائیل بنێرن.

دەشڵێت'' ئەو جۆرە فڕۆکەیە بووەتە هۆی کۆمەڵکوژی زۆر لە کەرتی غەزە''.

هاوکات، حکومەتی هۆڵەندا رایگەیاند، تانە لە بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوە دەدات لەبەردەم دادگای باڵای وڵاتەکەدا، وتیشی، "ئیسرائیل ئەو جۆرە فڕۆکەیە بەکار دەهێنێت بۆ خۆ پاراستنی لە گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی وڵاتانی چوار دەوری".

پارچەی یەدەگی فڕۆکەی ئێف ٣٥ خاوەندارەتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا، بەڵام لە هۆڵەندا کۆگا دەکرێت.

ئەم فڕۆکەیە لە نەوەی پێنجەمی فڕۆکەکانی ئەمریکاییە، لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٦ یەکەم فڕۆکەی(F-35) کاری پێکرا نزیکەی ٢٣١ دانەی لێدروستکراوە و ئیسرائیل یەکەم وڵاتە جگە لە ئەمریکا کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٦ەوە فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ی بەدەستهێناوە.













گەلەری