سەردێڕ:

لەرێگەی ئەم داهاتانەوە؛ حکومەتی کاربەڕێکەر لە چوار مانگدا زیاتر لە دوو ترلیۆن دیناری دەستکەوتووە

PM:04:00:10/02/2024

1652 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی راپۆرتە داراییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر لەماوەی سێ مانگی رابردوودا لە داهاتەکانی ناوخۆ و فرۆشتنەوەی نەوت بە هاوڵاتییان و کارەبا و ئەو پارەیەی لەلایەن بەغداوە رەوانە کراوە، زیاتر لە دوو ترلیۆن دیناری لەبەردەستدا بووە، بەڵام مووچەی پێدابەش نەکردووە.


بە گوێرەی راپۆرتە داراییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر لەماوەی سێ مانگی رابردوودا تێکڕای ئەو داهاتانەی لەبەردەست حکومەتدا بووە لە سەرجەم داهاتی ناوخۆ و فرۆشتنەوەی نەوت بە هاوڵاتییان و داهاتی فرۆشتنەوەی کارەبا بە عێراق و بڕی ٦١٨ ملیاری بەغدا، زیاتر لە دوو ترلیۆن دینار بووە.

بە گوێرەی راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر و ئاوات جەناب وەزیری دارایی هەرێم، داهاتی ناوخۆی حکومەتی کاربەرێکەر مانگانە ٣٢٠ ملیار دینارە و لەو چوار مانگەی رابردووشدا داهاتی ناوخۆ بە دیاریکراوی یەک ترلیۆن و ٢٨٠ ملیار دینار بووە کە بەشی دابەشکردنی مووچەیەکی کردووە.

لەلایەکی تریشەوە بە گوێرەی راپۆرتەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر تا ئێستا ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار بەرمیل بە هاوڵاتییان بە نرخی ١٠٣ هەزار و ٥٠٠ دینار فرۆشراوە و تێکڕای داهاتی فرۆشتنەوە نەوتیش ١٢٤ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار بووە.

هاوکات، چاوگێکیش لە وەزارەتی کارەبای هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ماوەی سێ مانگە حکومەتی کاربەرێکەر بە تێکڕا بۆ هەر رۆژێک هەزار و ٤٧٥ مێگاوات کارەبای بە عێراق فرۆشتووەتەوە و بۆ هەر مێگاواتیکیش بڕی ٣٢ دۆلار وەردەگیرێت. بەوپێیە، داهاتی فرۆشتنەوەی کارەبای هەرێم لە ماوەی سێ مانگدا هەشت ملیار و ٤٩٦ ملیۆن دینار بووە.

بە گوێرەی راپۆرتەکان داهاتی فرۆشتنەوەی نەوت، داهاتی ناوخۆ و کارەبا بە تێکڕا لەماوەی چوار مانگی رابردوودا یەک ترلیۆن و ٤١٢ ملیار و ٦٩٦ ملیۆن دینار بووە و لەگەڵ بڕی ئەو پارەیەش کە لەلایەن بەغداوە بۆ مووچەی مووچە خۆران نیردراوە بە تێکڕا دەکاتە دوو ترلیۆن و ٣١ ملیار و ٢٧٢ ملیۆن دینار.

ئەوەش لە کاتیکدایە، مووچەخۆرانی هەرێم نزیکدەبنەوە لە ناوەڕاستی مانگی شوبات و تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە، جگە لەوەی مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ی ساڵی رابردووشی نەداوە، کە بەگوێرەی راپۆرتەداراییەکان حکومەتی کاربەڕێکەر لە ئێستادا پارەی دابەشکردنی دوو مووچە و چارەکە مووچەیەکی لەبەردەستدایە، بەڵام چاوەڕێی بەغدایە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و جگە لەوەی کە تا ئێستاش چارەنووسی سێ مووچەی کۆتایی ساڵی رابردوو نادیارە.

لە بەرامبەریشدا، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە پڕۆگرامی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی وتووین کە ساڵی ٢٠٢٣ مووچەی هەموو مانگەکانمان بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم دەڵێن قەرزمان پێداونەتەوە.













گەلەری