سەردێڕ:

دوای ساڵێک لە بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا؛ هێشتا لێکەوتەکانی دوای رووداوەکە بەردەوامن

PM:01:25:06/02/2024

2796 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر دوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی سنووری نێوان تورکیا و سوریادا تێپەڕی، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٦٠ هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٣٣ هەزار کەسی دیکە.


رۆژی ٦ی شوباتی ساڵی رابردوو، بە تەواوی لە کاتژمێر ٤ و ١٦ خولەکی بەرەبەیانیدا، لەکاتێکدا شەقامەکان خامۆش و خەڵک لە خەودا بوون، لەناکاو بەوە بە خەبەر هاتن کە خانوو و باڵەخانەکانیان دەلەرێتەوە و تاوەکو دێت لەرینەوەکە زیاتر دەبێت، بەشێکیان ماڵەکانیان رووخا بەسەریاندا و خۆیان لەژێر داروبەردی باڵەخانەکاندا بینییەوە، بەشێکیشیان کە چاویان لێکنا هەڵیان نەهێنایەوە. بەشێکیشیان توانیان رابکەن و خۆیان رزگار بکەن.

ئەوە ئەو بەیانییە بوو کە دوو بوومەلەرزەی بەهێز بە گوڕەکانی ٧.٨ پلە و ٧.٥ پلەی رێختەر سنووری نێوان تورکیا و سوریا و چەند ناوچەیەکی رۆژئاوا و باکوری کوردستانی هەژاند و لە هەرێمی کوردستانیشدا هەستی پێکرا. بوومەلەرزەکان بوونە هۆی دروستبوونی چەندین پاشەلەرزەی دیکە، بەشێکیان لە سەرووی ٤ پلە و ٥ پلەی رێختەرەوە بوون.

بەهۆی بوومەلەرزەکەوە نزیکەی ٦٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٣٣ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. جگە لەوەش ١٤ ملیۆن کەس زیانیان بەرکەوت. ئەو زیانانەشی بەر باڵەخانە و شوێنە گشتییەکان کەوت بە ٥٠ ملیار دۆلار دەخەمڵینرێت.

چیرۆکی رزگاربووان:

چیرۆکەکانی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ئەو هاوڵاتییانە بە جۆرێک بوون، لە جیهاندا کاردانەوەیان بەدوای خۆیاندا هێنا، یەکێک لەوانە ئەو دایکە بوو لە حەلەب کە لەژێر داروبەردی رووخاوی ماڵەکەیدا منداڵی بوو و خۆی گیانی لەدەستدا. پاش نزیکەی لە ١٠ رۆژ توانرا منداڵەکە لەژێر داروبەردی باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی رووخاودا دەربهێنرێت، کە بەهۆی وێڵاشەکەیەوە بە دایکییەوە بەسترابووەوە و لە ژیاندا مابوو. دوای رزگارکردنیشی چەندین کەسایەتی جیهان ئامادەییان بۆ لەخۆگرتنی دەربڕی. بەڵام درایەوە بە کەسوکاری و لەلایەن پورییەوە بەخێودەکرێت.



لەلایەکی دیکەوە چەندین کەسی دیکە و هاوکات چەندین ئاژەڵ دوای زیاتر لە ٢٠ رۆژ لەژێر پاشماوەی باڵەخانەکاندا دەردەهێنران، بەشێکیان بە زیندوویی و بەشێکیشیان بە مردوویی.

بەدەر لە بریندارەکانی بوومەلەرزەکە، کاریگەرییە دەروونییەکانی دوای رووداوەکە لای زۆرێک لە بەرکەوتووانی رووداوەکەوەبەردەوامە، کە ئەمە هەمان ئەو لێکەوتانەن لەدوای جەنگ یان کارەساتێکی سروشتی دەکرێت بەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچەیەدا بێت، بەشێکیان توشی شۆک یان زەبری دەروونی دەبن، کە بەشێکیان خۆیان دۆخیان ئاسایی دەبێتەوە بە تێپەڕینی کات و بەشێکیشیان پێویستیان بە چارەسەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە.

ئێڵماس عەبدولغەنی یەکێکە لەو کەسانە، ماڵپەڕی جەزیرە لە چاوپێکەوتنێکیدا بەو جۆرە باسی ئێڵماس دەکات، "ئێڵماس کاتێک رووداوەکەی دەگێڕایەوە، جەستەی دەلەرزی وەک ئەوەی لە هەمان دۆخی ساڵی رابردوودا بێت و دیوارە رووخاوەکان بەسەر جەستەیەوە بن."

ئێڵماس دەڵێت، "ئەوە دێتەوە یادم کە بە هاواری هاوسەرەکەم خەبەرم بووەوە و هاواری دەکرد، ئێڵماس؛ هەستە لەخەو خۆت رزگار بکە." دەشڵێت، "رۆژانە تەنها هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ دەکەم."

هاوکارییە جیهانییەکان:

هەر رۆژی روودانی بوومەلەرزەکە لە جیهانەوە هاوکارییەکان بۆ رزگارکردنی قوربانیانی بوومەلەرزەکە و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی دەستی پێکرد و لە کوردستانیشەوە تیمێک لە بەرگری شارستانی و ناوخۆ بەرەو تورکیا بەڕێکەوتن بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی وڵاتەکە.

بەهۆی زیانەکانی بوومەلەرزەکەوە تورکیا داواکارییەکی فەرمی بۆ ناتۆ و هاوپەیمانەکانی نارد بۆ یارمەتیدان و زیاتر لە ٧٠ وڵات ئامادەییان دەربڕی بۆ هاوکاریکردن.

هاوکات، حکومەتی سووریا بانگەوازی لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکە کرد بۆ یارمەتیدانی نێودەوڵەتی. سووریا داوای یارمەتی لە میکانیزمی پاراستنی مەدەنی ئەورووپی یەکێتیی ئەورووپا کرد.

لە ٧ی شوباتی ٢٠٢٣ مانگی سووری عەرەبی سووریا داوای لە وڵاتانی ڕۆژاوا کرد سزاکانی سەر سووریا هەڵبوەشێننەوە، کە سزاکان زنجیرەیەک ڕێوشوێنی ئابووری بوون لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا، سویسرا و کۆماری عەرەبی لە سەرەتای شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ٢٠١١ـەوە گیراونەتەبەر بەرامبەر سەروەت و سامانی دارایی بەرپرسانی حکومەت. لە ١٠ی شوباتدا، ئەمریکا رایگەیاند، بۆماوەی ١٨٠ رۆژ لە سزاکانی سەر سوریا خۆشدەبێت.

هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە:

لە ١٦ی شوباتدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئازارەوە بناغەی ٣٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ناوچە زیانلیکەوتووەکانی بومەلەرزەکە دادەنێن. کە هێشتا هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی بەر بوومەلەرزەکە کەوتن و زیانیان بەرکەوت بەردەوامە. تاوەکو ئێستاش زیار لە ٣٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون سەرلەنوێ بوونیاد نراونەتەوە و بەشی زۆریان تەواوبوون.


خوێندن:

لەبارەی پرسی خوێندنەوە خوێندن لە ناوچەکاندا بۆماوەی نزیکەی ٢٠ رۆژ راگیرا، دواتر مەحموود ئۆزەر وەزیری پەروەردەی تورکیا رایگەیاند، ''لە ١٠ پارێزگادا، تاوەکو ١ی ئازار خوێندن رادەگرین، بەڵام لە ٢٠ی شوباتەوە لە ٧١ پارێزگاکەی دیکەی وڵات خوێندن دەستپێدەکاتەوە و جارێکی دیکە پشوو تیایاندا درێژ ناکرێتەوە."

گۆڕانکاری جیۆلۆجی:

دوابەدوای بوومەلەرزەکەش لە زانایان باسیان لەوەکردووە، دوای رووداوی بومەلەرزەکە ئەو چینە تەکتۆنیەی زەوی کە خاکی تورکیای لەسەرە سێ مەتر بە ئاڕاستەی رۆژئاوا جوڵەیان کردووە.

بەدەر لە بەهێزی گوڕی بومەلەرزەکە، زۆری زیانەکانی بەر تورکیا و سوریا کەوت بە چەند هۆکارێکی دیکەش دانران، کە ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی ساڵی رابردوو لە راپۆرتێکدا هۆکاری زیانەکانی بەم جۆرە خستەڕوو:

یەکەم: بوومەلەرزە بەهێزەکە لە کاتەکانی زووی بەیانیدا روویدا و بەشێکی زۆری هاوڵاتییان لە ماڵەکانیاندا بوون و لەکاتی روودانی بوومەلەرزەکەدا خێزانەکان و منداڵەکانیان لە خەودا بوون و ئەوەش وای کرد بەشێکی زۆریان نەتوانن لە ماڵەکانیان بێنەدەرەوە.

دووەم: لەکاتی روودانی بوومەلەرزەکەدا کەشوهەوا ساردبوو و پەلەکانی گەرماش لەژێر سفرەوە بوون و ئەوەش بووە هۆکارێکی دیکەی دەستنەگەیشتن بە ئەو کەسانەی لە ژێر داروبەرزی باڵەخانەکان مابوونەوە یاخود کەمتر بوونەوەی ئەگەری رزگارکردنیان، چونکە بەشێکی زۆری ئەوانەی گیانیانلەدەستداوە پاش رزگارکردنیان بە برینداری بەهۆی سەرماوە گیانیانلەدەستداوە.

سێیەم: خراپی بونیادنانی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون بەجۆرێک بەشێکی زۆری باڵەخانەکان لە چەند چرکەی یەکەمی بومەلەرزەکەدا داڕوخان و لەوبارەیەشەوە ئەندازیاران باس لەوەدەکەن ئەو باڵەخانانە بەشێوەیەکی سەلامەت دروست نەکراون.

هەربەهۆی ئەوەشەوە، لەدوای بوومەلەرزەکە چەند بەڵێندەرێکی تورکیا دەستگیرکران، کە بەشێکیان دەیانویست رابکەن و وڵاتەکە جێبهێڵن.

ئەمە دووەم بوومەلەرزەی بەهێزی تورکیایە لەدوای ساڵی ١٩٣٩، کە بەهەمان گوڕ بوومەلەرزەیەکی بەهێز روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس.
هـ.ئـ













گەلەری