سەردێڕ:

عێراق لە پلەی یەکەمی هەناردەکارانی نەوت دێت بۆ ئەمریکا

PM:01:51:04/02/2024

816 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندی کارگێڕی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، ئاستی هاوردەکردنی نەوتی عێراق لە هەفتەی رابردوودا بەڕێژەی هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمیکردووە و تێکڕا ٢٠٥ هەزار بەرمیل هەناردەی ئەو وڵاتە کراوە، بەڵام بەو شێوەیەش لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتانی عەرەبیدایە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ناوەندی کارگێڕی وزەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەماوەی هەفتەی رابردوودا ئاستی هاوردەکردنی نەوتی عێراق بەڕێژەی ١٪ کەمیکردووە و گەیشتووەتە ٢٠٥ هەزار بەرمیلی رۆژانە و ملیۆنێک و ٤٣٥ هەزار بەرمیلی هەفتانە.

ئاماژە بەوەش کراوە، تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی ئەمریکا دابەزیوە بۆ چوار ملیۆن و ٩٤٠ هەزار بەرمیل، بەڵام بەراورد بە دوو هەفتەی رابردوو ئاستی هاوردەکردن بە رێژەی ٤٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیوە.

ئەوەش خراوەتە روو، لە سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی هەناردەکاری نەوتدا عێراق پلەی یەکەمی گرتووە و پاشان سعودیە بە پلەی دووەم دێت کە بەراورد بە عێراق ٥٥ هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمتری لێ هاوردە کراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا ناوەندی وزەی کۆریا رایگەیاند، عێراق لە ئاستی پێنجەم وڵاتی هەناردەکاری نەوت بووە بۆ ناوەندی ئەو وڵاتە.

پێشتریش کارگێڕی گومرگی چین رایگەیاند، عێراق هەناردەکارێکی گەورەی نەوتە بۆ وڵات چین کە رۆژانە بەتێکڕا پێویستی ١٥.٣٪ پاڵاوگەکان پڕدەکاتەوە و سێیەم گەورەترین هەناردەکاریشە بۆ ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی وڵاتانی تری جیهاندا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، ساڵی رابردوو نزیکەی ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمەکانیان لە عێراقەوە هاوردەی وڵاتەکەیان کردووە.













گەلەری