سەردێڕ:

نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین

AM:08:37:04/02/2024

1120 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەو بەرزبوونەوە بەرچاوەی هەفتەی رابردوو بەهۆی ئاڵۆزییەکانی دەریایی سورەوە ئەمڕۆ جارێکی دیکە نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد، بەگوێرەی پێنوێنی بازاڕی جیهان نەوتی برێنت بە ٧٧ دۆلار و ٣٣ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە رۆژی ٣ـی شوبات ١.٣٧٪ گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا روویداوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی (تێکساس) بە ٧٢ دۆلار و ٢٨ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت بەراورد بە رۆژی رابردوو نرخەکەی جێگیرە.

هاوکات سەبارەت بە پرسی نەوتی عێراق حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بڕیاریدا ئاستی بەرهەمهێنان بەبێ دەستکاریکردن بۆ ئەمساڵیش وەک خۆی بهیڵێتەوەو تا مانگی ئاداریش عێراق بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی ٢٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە کە ئامانج لێی بەدەستهێنانی سەقامگیری و هاوسەنگی زیاترە لە نێوان دابینکردن و داواکاری لە بازاڕە جیهانییەکان.

لەلایەکی تریشەوە رێکخراوی جیهانی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، ئاستی دابینکردنی نەوتی رۆژانە و ساڵانە پارێزراوە و بەردەوامیش دەبن لە کەمکردنەوەی بەرهەم هێنان و هەناردەکردن بۆ بازاڕەکانی جیهان تا مانگی ئازاری ئەمساڵ بە مەبەستی سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی جیهان.

ئیدارەی زانیاری وزە رۆژی چوارشەممەی رابردوو رایگەیاند، بەهۆی داواکاری بەکارهێنانی نەوتی خاوەوە لە بەرهەمهێنانی وزەدا کۆگای نەوتی خاوی ئەمریکا ٩،٢ ملیۆن بەرمیل نەوت دابەزیوە، دوای ئەوەی کەشوهەوای زستان کاریگەری لەسەری هەبووە و بەو هۆیەشەوە نەوتی خاو بەراورد بە مانگێک لەمەوبەر زیاتر بەکارهاتووە













گەلەری