سەردێڕ:

ئاگربەستێکی نوێ لە نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت؟

PM:06:06:03/02/2024

2260 جار خوێندراوەتەوە

میدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردەوە، لایەنە نێوەندگیرەکان داواکاری ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی دوو مانگ ئاڕاستەی حەماس کردووە و بڕیارە حەماسیش پابەند بێت پێوەی بەمەبەستی کەمکردنەوەی زیانەکان و دابینکردنی هاوکاریی و ئاڵوگۆڕی دیلەکان. دەشڵێن، " ئاڕاستەی جەنگەکە بەرەو کۆتایی دەچێت".


ئەمڕۆ شەممە، میدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردەوە، لایەنە نێوەندگیرەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەمەبەستی دابینکردنی هاوکاری مرۆیی و تەندروستی بۆ کەرتی غەززە ئاگربەستێکی دوو مانگیان ئاڕاستەی حەماس و ئیسرائیل کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئسرائیل رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئاگربەستەکە و تەنها حەماس ماوەتەوە کە رازیبێت بە ئەنجامدانی ئاگربەستەکە بۆ ئاڵوگۆڕی ٣٠ هەزار دیل و دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە.

باس لەوەش کراوە، لە کۆتا هەفتەکانی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا کۆتا ئاگربەست کە ماوەی هەفتەیەک بەردەوامبوو لەنێوان هەردوولادا ئەنجامدرا کە تێیدا ١٠٠ دیل ئاڵوگۆڕکران، پێشبینیش دەکرێت ئەم ئاگربەستە کۆتایی بە ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو لایەنەکە بهێنێت.

هاوکات بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، پاریس پێشنیازی راگەیاندنی ئاگربەستی لە کەرتی غەززە بۆکردوون. وتیشی، '' لە ئێستادا سەرقاڵی پێداچوونەوەی پێشنیازەکەین بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاو بدەین سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست یان بەردەوامبوونی جەنگ لە کەرتی غەززە''.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی هەزاران مووشەکەوە ئیسرائیلی بۆردۆمان کرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی دووبارە جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا هەڵبگیرسێتەوە.

بەپێی نوێترین ئامارەکانیش، تا ئێستا لە کەرتی غەزە زیاتر لە ٢٧ هەزار کەس بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە و ٦٦ هەزار و ٤٥٢ کەسی دیکەش برینداربوون.













گەلەری