سەردێڕ:

ئەمریکا: بەهۆی ناجێگیری کەشوهەواوە هێرشەکانمان دواکەوت

AM:10:48:03/02/2024

5432 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنی یەکە هاوبەشەکانی ئەمریکا ریاگەیاند، وەڵامدانەوەکانی ئەمریکا بەهۆی ناجێگیری کەشوهەواوە دواکەوت، چونکە فڕۆکەکانیان پێویستی بە کەشوهەوایەکی سەقامگیر هەیە. دەشڵێت، "لە کەشوهەوایەکی سەقامگیردا دەتوانرێت ئامانجەکان بە وردی بپێکرێت."


ئەمڕۆ شەممە، دۆگلاس سمێز بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، وەڵامدانەوەکانی ئەمریکا لە تۆڵەکردنەوەی کوژرانی سێ سەربازە ئەمریکییەکە بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە دواکەوتووە نەوەک هۆکارێکی دیکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی فڕۆکەکایان دەتوانن لە کەشوهەوای ناسەقامگیریشدا کارەکانیان بکەن، بەڵام تا بتوانن بە وردی ئامانجەکانیان بپێکن چاوەڕوانی سەقامگیربوونی کەشوهەوای عێراق و سوریا بوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، سیستمەکانی رادار دەتوانن گەرمی جەستە و هەر جوڵەیەک دیاریبکەن بە ئاسانی، بەڵام دەکرێت لە کاتی ناسەقامگیری و بەرزبوونەوەی رێژەی شێ و باران بارین رادارەکان هەڵە بکەن کە ئەوەش کاریگەری دەکاتە سەر ئامانجەکانیان.

شەوی رابردوو، ٢ـی شوبات، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ٨٥ هێرشیان بۆسەر گروپەچەکدارەکان لە خاکی لە سوریا و عێراق ئەنجامداوە بە بەکارهێنانی ١٢٥ مووشەکی جیاواز لە حەوت ناوچەی خاکی عێراق و سوریادا.

لەبارەی هێرشەکانەوە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، بۆردوومانەکانی ئەمریکا لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە.

هاوکات، جۆو سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە وەڵامی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکا بە فەرمانی ئەو هێرشەکانیان بۆسەر بارەگای گروپە چەکدارەکان لە خاکی سوریا و عێراق دەستپێکردووە و بەردەوامیش دەبن تا ئەو شوێن و کاتەی خۆیان دیاری دەکەن.

لەلایەکی تریشەوە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی سەربازی ئەمریکاوە رایگەیاند، بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا بڕیاریانداوە بێدەنگ نەبن لە کوژرانی سێ سەربازی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی ٢٨ـی مانگی رابردوو فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بنکەیەکی ئەمریکی لەسەر سنووری نێوان ئوردن و سوریا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژراون و چەند سەربازێکی دیکەیان بریندار بوون.













گەلەری