سەردێڕ:

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی: سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەین

PM:01:45:31/01/2024

183040 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، ئەمرۆ بڕی ٦١٨ ملیار دینارەکە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەرێکەر و چاوگێکیش لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران دەکرێت."


ئەمڕۆ چوارشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە چەند خوولەکی داهاتوودا بڕی ٦١٨ ملیار و ٥٧٦ ملیۆن دینار وەک پشکی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەر.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە و لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەکرێت.

هاوکات پێشتر وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاندبوو، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیان ئامادە کردووە و لەگەڵ هاتنی پارەکەدا لیستی مووچە رادەگەیەنن و دەستدەکەن بە دابەشکردنی مووچە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، زیاتر لە ٥٠ رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و چارەنوسی مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردووشیان دیار نییە.

لەو بارەیەشەوە رۆژنامەی سەباحی عێراقی رایگەیاند، وا بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم سەردانی بەغدا بکەن تایبەت بە پرسی موچەخۆرانی هەرێم.

هێرش قادر – هەولێر


 













گەلەری