سەردێڕ:

بانکی ناوەندی کۆتایی بە مامەڵەی بێسنور دەهێنێت

PM:08:48:29/01/2024

1804 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی رایگەیاند، بەکارهێنەرانی کارتی ئەلیکترۆنی لە ناوخۆی عێراقدا دەتوانن تەنها دوو ملیۆن دینار بەکاربهێنن و حەواڵەی دەرەکیش تەنها ١٠ ملیۆن دینار دەبێت رۆژانە. دەشڵێت " کۆتای بە مامەڵەی بێ سنوری رۆژانەی کارتەکان دەهێندرێت".


ئەمڕۆ دووشەممە، بانکی ناوەندی لە نوسراوێکدا کە گشتاندنی کردووە بۆ سەرجەم بانکەکان تێیدا هاتووە، بە گوێرەی یاساکانی ژمارە ١٤ و ١٧ـی ساڵی ٢٠٢٣ تەواوی کارتە بانکییەکان ئاستی مامەڵەکردنی رۆژانەیان سنورداردەکرێت بە بڕی دوو ملیۆن دیناری رۆژانە و بە ٦٠ ملیۆن دیناری مانگانە.

باسی لەوەش کرد، سەرجەم ئەو کەسانەشی کە حەواڵە دەکەن بۆ ناوخۆ و دەرەوەی عێراق دەتوانن تەنها حەواڵەی ١٠ ملیۆن دیناری عێراقی بکەن رۆژانە لەوە زیاتر پێچەوانەی یاساکانی بانکی ناوەندیە و هەربانکێک رێگە بەو حەواڵەیە بدات رووبەرووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.

ئەوەشی خستە روو، تەواوی مامەڵە بازرگانییەکانی هاوڵاتیان لە بازاڕە ئەلیکترۆنییەکاندا نابێت زیاتربێت لە ٦٠ ملیۆن دیناری مانگانە و هەر هاوڵاتیەک دەتوانێت مامەڵە تەنها بە یەک کارتەوە بکات. دەشڵێت " کۆتایی بە مامەڵەی بێ سنوری کارتە ئەلیکترۆنییەکان دەهیندرێت".

هاوکات پێشتر بانکی ناوەندی لە نوسراوێکدا رایگەیاندبوو، کە لە رۆژی ٣٠ـی تەمووزی ئەمساڵدا کۆتایی بە حەواڵە و مامەڵەکردنی نوسینگەکانی دراو دەهێنن و هەر نوسینگەیەک بیەوێت بەردەوامبێت لە حەواڵەکردن دەبێت بگەڕێتەوە بۆ بانکی ناوەندی خۆی لە سەکۆی حەواڵەی بانکەکە تۆمار بکات بەپێچەوانەوە سەرجەم مامەڵەکانی رادەگیرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، محەمەد نەجار راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وەبەرهێنان و سندوقی نەختینە بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی راگەیاند، پاش بەستنەوەی بانکەکان بە سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە گۆڕانکارییە داراییەکان لە کەرتی دارایی عێراقدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.













گەلەری