تەندروستی غەززە رایگەیاند، لەسەرەتای سەرهەڵدانی گرژی وئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە نزیکەی ٢٧ هەزار فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٦٥ هەزار فەڵەستینی دیکەش برینداربوون. دەشڵێت " ناوچەکە لەبەردەم قەیرانیکی مرۆیی سەختدایە".
ئەمرۆ دووشەممە، وەزارەتی تەندروستی غەززە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەهۆی گرژی وئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە ماوەی چوار مانگە بەردەوامە ٢٦ هەزار و ٦٣٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و لەو رێژەیەش ١٠ هەزار و ٤٠٠ کەسیان منداڵن.
ئاماژەی بەوەش کرد، جگە
لە گیانلەدەستدان ٦٥ هەزار و ٣٨٧ کەسی دیکەش بریندارن و سەرەرای برینداربوون لە ئێستاشدا ٨ هەزار کەس
بێسەر وشووێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.
باسی لەوەش کرد، ناوچەکە
لەبەردەم قەیرانێکی مرۆیی سەختایە و تا ئێستاش نزیکی دوو ملیۆن کەس بەهۆی نەبوونی
خۆراک و کەرەستەی پزیشكییەوە دەناڵێن و ٨٠٠ هەزار کەسیش لەبەردەم برسێتیدایە.دەشڵێت
" زیاتر لە ١٨٥ هەزار کەسیش دووچاری نەخۆشیە گوازراوەکانبوونەتەوە".
ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژنامەی
فاینەنشاڵ تایمز لە زاری بەرپرسێکی بەریتانیاوە بڵاوی کردەوە، کۆدەنگی و هەوڵەکانی
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاڕاستەیەک دەڕوات کە بتوانرێت لەڕێگەی پێکهێنانی ئاگربەست
و ئازادکردنی بارمتەکان بۆ ماوەیەکی کاتیی، چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی
نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل بدۆزرێتەوە.
ئەمەش لەکاتێكدایە، لە
٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە جەنگ لەنێوان گروپی چەکداری حەماس و سوپای ئیسرائیلدا
هەڵگیرساوە و بەهۆیەوە هەزاران کەس لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە و بە هەزاران کەسیش
بریندار بوون.