سەردێڕ:

نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

AM:08:10:29/01/2024

1120 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارییەکانەوە بۆسەر کەشتییەکی نەوت هەڵگر نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی هەشت هەفتەی رابردووی، لە ئێستادا نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٨٤ دۆلار و ٤ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.


ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی (تێکساس)ـش بە ٧٨ دۆلار و ٤٩ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت بەراورد بە دوێنێ یەکشەممە نرخەکەی ٤٨ سەنت بەرزبووەتەوە.

هاوکات، کۆمپانیای خزمەتگوزاری بانکی و دارایی ئەمریکا 'سیتی گروپ' رایگەیاند، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت لە چەند رۆژی داهاتوودا بگاتە ٩٠ دۆلار.

بە گوێرەی داتا جیهانییەکان، بۆ دووەم هەفتە لەسەر یەک نرخی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی ٤.٥٪ بەرزبووەتەوە و نەوتی خاوی ئەمریکاش بەرەو بەرزبوونەوەی هەفتانە دەڕوات و بەڕێژەی ٤.٨٪.

لەلایەکی دیکەشەوە ئیدارەی زانیاری وزە رۆژی چوارشەممەی رابردوو رایگەیاند، بەهۆی داواکاری بەکارهێنانی نەوتی خاوەوە لە بەرهەمهێنانی وزەدا کۆگای نەوتی خاوی ئەمریکا ٩،٢ ملیۆن بەرمیل نەوت دابەزیوە، دوای ئەوەی کەشوهەوای زستان کاریگەری لەسەری هەبووە و بەو هۆیەشەوە نەوتی خاو بەراورد بە مانگێک لەمەوبەر زیاتر بەکارهاتووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رێکخراوی جیهانی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، ئاستی دابینکردنی نەوتی رۆژانە و ساڵانە پارێزراوە و بەردەوامیش دەبن لە کەمکردنەوەی بەرهەم هێنان و هەناردەکردن بۆ بازاڕەکانی جیهان تا مانگی ئازاری ئەمساڵ بە مەبەستی سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی جیهان.













گەلەری