سەردێڕ:

لە بازاڕەکانی هەرێم نرخی ئاڵتون بۆ هەر مسقاڵێک بەتێكڕا لە ١٠ هەزار دینار دابەزیوە

PM:12:13:27/01/2024

1692 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نرخی ئەو کانزا زەردە بە گوێرەی پێنوێنی جیهان بۆ هەر ئۆنسەیەک دوو هەزار و ١٨ دۆلارە و تا ئاستێکی بەرچاو بە جێگیری ماوەتەوە و لە بازاڕەکانی هەرێمیش بۆ هەر مسقاڵێک ١٠ هەزار دینار دابەزیوە.


ئەمڕۆ شەممە، دانا وەرتی ئەندامی سەندیکای زێڕینگران لە هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەراورد بە هەفتەی رابردوو بۆ هەر مسقاڵێک نرخی زێڕ ١٠ هەزار دینار دابەزیوە و زۆرترین رەنگدانەوەشی گۆڕانکاری نرخەکە لەسەر لەسەر زێری عەیارە ٢١ بووە، کە بەتێکرا لە ٤٥٠ هەزارەوە بۆ ٤٤٠ هەزار دینار دابەزیوە.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکانەوە دەبوو نرخی ئەو کانزا زەردە لە بازاڕەکانی هەرێم و جیهان رووی لە بەرزبوونەوە بکردایە، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئاڵتون لە بازاڕەکانی ئاسیا نرخەکەی بە جیگیری ماوەتەوە. دەشڵێت، "نرخی ئەو کانزا زەردەکە لە نزمترین ئاستی دوو مانگی رابردوودایە و پێشبینی دەکرێت بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسیەکانەوە روو لە بەرزبوونەوە بکات".

ئەوەش لە کاتێکدایە، نرخی زێر لە بازاڕەکانی هەرێم پەیوەندییەکی راستەوانەی لەگەڵ دۆلاردا هەیە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی دۆلار نرخی ئاڵتونیش بەرزدەبێتەوە بەهۆی مامەڵەکردن بە دۆلارەوە.

نرخی نرخی زێر لە بازاڕەکانی هەرێمدا بەم جۆرەیە:

زێڕی عەیارە ١٨ بە ٣٨٠ هەزار دینار.

زێڕی عەیارە ٢١ بە ٤٤٠ هەزار دینار.

زێڕی عەیارە ٢٢ بە ٤٦٠ هەزار دینار.

زێڕی عەیارە ٢٤ بە ٥٠٠ هەزار دینار.

لیرەی عەیارە ٢١ بە ٤٤٠ هەزار دینار.

شارا ئازاد – هەولێر













گەلەری