سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستی غەززە: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١٢٢ کەس گیانیان لەدەستداوە

PM:08:10:06/01/2024

8292 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، نزیکەی ٢٣ هەزار کەس بەهۆی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٥٨ هەزار کەسیش برینداربوون. دەشڵێت، " بەهۆی پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکانەوە زیاتر لە ١٨٠ هەزار کەس دووچاری نەخۆشی بوونەتەوە".


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١٢٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٥٦ کەسیش برینداربوون هاوکات، لە باشور و ناوەڕاستی کەرتی غەززە زیاتر لە حەوت هەزار کەس لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون و دەرنەهێندراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، ماوەی ٩٢ رۆژە ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە ٢٢ هەزار و ٧٢٢ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٧١٪ ـیان ژن و منداڵن و زیاتر لە ٥٨ هەزار و ١٦٦ کەس برینداربوون.

باسی لەوەش کرد، ناوچەکە لەبەردەم مەترسی پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکاندایە و لەماوەی سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە ١٨٠ هەزار و ٢٠٠ کەس دووچاری نەخۆشییە گوازراوەکان بوونەتەوە.

وتیشی، " یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس مەترسی توشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکانیان هەیە و دەبێت بەزووترین کات لەرێگەی رەوانەکردنی هاوکاری پزیشکی زیاتر دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت".

لای خۆشییەوە، سوپای ئیسرایل رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی بزوتنەوەی حەماسەوە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و ٢٠٠ کەسیش برینداربوون.

لە رۆژی ٧ـی ١٠ـی ساڵی رابردوو، بزوتنەوەی حەماس لە رێگەی هەزاران موشەکەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەو هۆیەشەوە جارێکی تر جەنگ لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا سەری هەڵدایەوە.













گەلەری