سەردێڕ:

رەوشی غەززە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ـدا

PM:09:27:01/01/2024

2000 جار خوێندراوەتەوە

کەرتی غەززە بە هەڵدانی مووشەکەکانی حەماس بەرەو تەلئەبیب چووە نێو ساڵی ٢٠٢٤ـەوە، لە کاتێکدا ئاماری گیان لەدەستدان و برینداربوونی خەڵکی بەردەوام لە هەڵکشاندایە و دانیشتوانی کەرتی غەززە بەدەست کاردانەوەی رۆژانەی شەڕەکەوە دەناڵێنن.


ئەمڕۆ دووشەممە، لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٤ـدا، بزووتنەوەی حەماس نزیکی ٢١ مووشەکی وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە بەردەوامەکانی ئیسڕائیل ئاڕاستەی تەلئەبیبی پایتەختی ئیسڕائیل کرد.

یائیر لابید سەرۆکی ئۆپۆسزیۆن لە ئیسڕائیل باسی لەوە کرد، ترسناکترین ساڵ لە مێژووی ئیسرائیل دوێنێ کۆتایی هات، "کەچی لەبری یاری ئاگرین بە چەندین مووشەک کە ئاڕاستەمان کرا چووینە نێو ساڵی ٢٠٢٤ـەوە".

هاوکات سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، قۆناغی داهاتووی شەڕی کەرتی غەززە بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام دەبێت و هێزەکانیان ئامادە دەبن بۆ هەنگاونان بەرەو باکوور لە سنووری لوبنان.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی تەندروستی لە غەززە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسڕائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە بۆ سەر کەرتی غەززە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢٢ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکی ٦٠ هەزار کەسیش بریندار بوونە.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە، لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل جەنگی نێوان چەکدارانی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.













گەلەری