سەردێڕ:

تەندروستی غەززە: ئاماری گیانلەدەستدان ٢٢ هەزار کەسی تێپەڕاند

PM:11:23:31/12/2023

1304 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە ژمارەی گیانلەدەستدان ٢٢ هەزار کەسی تێپەڕاندووە. دەشڵێت، " زیاتر لە نۆ هەزار کەسیان منداڵن".


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی تەندروستی غەززە بە ئاژانسی هەواڵی سکای نیوزی راگەیاند، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەرەو پەرەسەندنی زیاتر هەنگاو دەنێت لە کەرتی غەززە و بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ٢٢ هەزار و ٤٠٤ کەس کە لە نۆ هەزار و ١٤ کەسیان منداڵن.

ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە گیانلەدەستدان ژمارەی بریندارەکان ٥٦ هەزار و ٤٥٢ کەسی تێپەڕاندووە کە ٤٥٪ـی بریندارەکانیش بارودۆخی تەندروستیان ناجێگیرە و تادێت دۆخی مرۆیی لە ناوچەکەدا خراپتر دەبێت.

ئەوەشی خستە روو، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ١٠٠ کەس گیانی لەدەستداوە و ١٤٠٠ کەسیش برینداربوون.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئسیرائیل لە ناوچەکانی ناوەڕاستی کەرتی غەززە شەوی رابردوو ٦٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٥٠ کەسیش برینداربوون.

لای خۆشییەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ململانێکانی ئەمڕۆی کەرتی غەززەدا سێ سەربازیان گیانیان لەدەستداوە و بەمەش ژمارەی گیانلەدەستدانی سەربازانی ئیسرائیل بۆ ٥٠١ کەس بەرزبووەتەوە. وتیشی، "ژمارەی ئەو سەربازانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە برینداربوون گەیشتووەتە دوو هەزار و ١١٠ سەرباز".

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.













گەلەری