سەردێڕ:

تەندروستی غەززە: ئاماری گیانلەدەستدان نزیک دەبێتەوە لە ٢٢ هەزار کەس

PM:06:37:29/12/2023

1112 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە ژمارەی گیانلەدەستدان نزیک دەبێتەوە لە ٢٢ هەزار کەس.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستی غەززە بە ئاژانسی هەواڵی سکای نیوزی راگەیاند، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەرەو پەرەسەندنی زیاتر هەنگاو دەنێت لە کەرتی غەززە و بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ٢١ هەزار و ٥٠٧ کەس کە زیاتر لە هەشت هەزار و ٢٣٥ کەسیان منداڵن.

ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە گیانلەدەستدان ژمارەی بریندارەکان ٥٥ هەزار و ٩١٥ کەسی تێپەڕاندووە کە ٤٠٪ـی بریندارەکانیش بارودۆخی تەندروستیان سەختە و خواردن و خواردنەوەش بەپێی پێویست نییە، تادێت دۆخی مرۆیی لە ناوچەکەدا خراپتر دەبێت.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئسیرائیل لە ناوچەکانی ناوەڕاستی کەرتی غەززە شەوی رابردوو ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش برینداربوون.

لای خۆشییەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ململانێکانی ئەمڕۆی کەرتی غەززەدا سێ سەربازیان گیانیان لەدەستداوە و بەمەش ژمارەی گیانلەدەستدانی سەربازانی ئیسرائیل بۆ ٥٠١ کەس بەرزبووەتەوە. وتیشی، "ژمارەی ئەو سەربازانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە برینداربوون گەیشتووەتە دوو هەزار و ١١٠ سەرباز".

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.













گەلەری