سەردێڕ:

تەندروستی غەززە: ئاماری گیانلەدەستدان ٢٠ هەزار کەسی تێپەڕاند

PM:07:37:22/12/2023

1328 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ ٢٠ هەزار و ٥٧ کەس بەرزبووەتەوە.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستی غەززە بە ئاژانسی هەواڵی سکای نیوزی راگەیاند، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەرەو پەرەسەندنی زیاتر هەنگاو دەنێت لە کەرتی غەززە و بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ٢٠ هەزار و ٥٧ کەس کە زیاتر لە هەشت هەزار و ١٠٠ کەسیان منداڵن.

ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە گیانلەدەستدان ژمارەی بریندارەکان ٥٣ هەزار و ٣٢٠ کەسی تێپەڕاندووە کە ٣٥٪ـی بریندارەکانیش بارودۆخی تەندروستیان سەختە و خواردن و خواردنەوەش بەپێی پێویست نییە، تادێت دۆخی مرۆیی لە ناوچەکەدا خراپتر دەبێت.

وتیشی، "زیاتر لە ٣٢٥ هەزار حاڵەتی نەخۆشی گوازراوە لەناو بریندارەکان و ناوچەکەدا تۆمارکراوە و دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسیش دووچاری نەخۆشی دەبنەوە".

لە هەمان کاتدا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە لە سەرەتای جەنگەوە کوژراون گەشتووەتە ٦٣٧ سەرباز و نزیکەی هەزار و ٦٤٥ سەربازیش برینداربوون.

هاوکات ناوەندی شرۆڤەکارانی ئابوری جیهان لە راپۆرتێکدا ئەوەیان خستە روو، بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی حەماسەوە بە تێکڕا فەڵەستین و ئیسرائیل بەبەهای زیاتر لە ٥٢ ملیار دۆلار زیانیان پێگەشتووە و گەشەی ئابوریشیان بە رێژەی ٨.١٪ دابەزیوە.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.













گەلەری