سەردێڕ:

روانگەی مافی مرۆڤ؛ ژمارەی گیان لەدەستدان لەغەززە ٢٣ هەزار کەسی تێپەڕاند

PM:06:42:09/12/2023

1436 جار خوێندراوەتەوە

روانگەی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، بەهۆی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرایل ژمارەی گیان لەدەستدان لە کەرتی غەززە ٢٣ هەزار کەسی تێپەڕاند. دەشڵیت " زیاتر لە ٧٠٠ هەزار منداڵ ژیانیان لە مەترسیدایە".


ئەمرۆ شەممە، روانگەی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش تەواوبوونی ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل، ژمارەی گیان لەدەستدان لە کەرتی غەززە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتە ٢٣ هەزار و ١٢ کەس لەو رێژەیەش ٩ هەزار و ٧٧ کەسیان منداڵن.

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە ژمارەی گیان لەدەستدان زیاتر لە ٧٠٠ هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە ژیانیان لە مەترسیدایە و زیاتر لە یەک ملیۆن و ٨٤٠ هەزار و ٥٠٠ کەسیش ئاوارەبوون و هیچ کەرەستەیەکی پزیشکی و خواردنی پێویستیان نەماوە. دەشڵیت " ئەگەر بەخێرایی ئاگربەست رانەگەیەندرێت ئەوە ناوچەکە دوچاری قەیرانێکی گەورەتر دەبیتەوە لەوەی لە ئێستادا هەیە".

لە هەمان کاتدا، سوپای ئیسرائیل کوژرانی دوو سەربازی دیکەی لە کاتی شەڕەکانی کەرتی غەززە راگەیاند، بەمەش ژمارەی ئەو سەربازانەی کە لە سەرەتای جەنگەوە کوژراون گەیشتە ٤٠٦ سەرباز و زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ ئیسرائیلیش بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات، رۆژانە ٦٠ سەربازی ئیسرائیلی بریندار دەبن و لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە دوو هەزار سەرباز بە سەختی بریندار بوون.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردوە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.













گەلەری