سەردێڕ:

یونیسێف: منداڵانی غەززە پێویستیان بە ئاگربەستێکی بەپەلە هەیە

AM:09:21:05/12/2023

1324 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر باکووری غەززە زیانێکی زۆر بەر منداڵان کەوتووە و پێویستە ئاگربەستێکی مرۆیی ئەنجامبدرێت.


جەیمس ئێڵدەر وتەبێژی رێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە سەردانێکیدا بۆ نەخۆشخانەیەکی کەرتی غەززە وتی، "بە هیچ شێوەیەک ناتوانم باسی ئەو کارەساتە مەترسیدارە بکەم کە بەسەر منداڵانی کەرتی غەززەدا هاتووە."

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا بەشی باکووری غەززە بە خراپترین شێوە بۆردومان دەکرێت و بە رێژەیەکی زۆر منداڵان زیانیان بەردەکەوێت، بۆیە منداڵانی کەرتی غەززە پێویستیان بە ئاگربەسێکی مرۆیی بەپەلە هەیە.

بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٥ هەزار و ٩٠٠ کەس بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن و زیاتر لە ٤٢ هەزار کەسیش برینداربوون.

لای خۆشیەوە، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، هەوڵەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و حەماسدا چڕترکردووەتەوە، تاوەکو ئاگربەستێکی دیکە ئەنجامبدەن. دەشڵێت، پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا دەکەین بۆ ئاگربەسێکی دیکە لە غەززە".

هەفتەی رابردوو، حەماس و ئیسرائیل ئاگربەستێکیان ئەنجامدا و لەماوەى هەفتەیەکدا حەماس زیاتر لە ١٠٠ بارمتە و ئیسرائیلیش ٢٤٠ بارمتەی فەڵەستینى ئازادکرد.













گەلەری