سەردێڕ:

ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین درێژکرایەوە

AM:08:59:30/11/2023

1436 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ماوەی شەش رۆژە ئاگربەست لە نێوان بزوتنەوەی حەماس و سوپای ئیسڕائیل بەردەوامە، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، بە مەبەستی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان و وەستانی پێکدادان، لەگەڵ سوپای ئیسرائیل ئاگربەستیان بۆماوەی یەک رۆژ درێژکردووەتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ماجد ناسڕی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، فەڵەستین و ئیسڕائیل گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستی نێوانیان بۆ ماوەی یەک رۆژ کە ئەمڕۆ دەکات بە هەمان شێواز و یاسای ئاگربەستەکانی پێشوو و بە مەبەستی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە.

لەو بارەیەوە سوپای ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە کرد، "ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت بۆ بەردەوامبوون لە پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان، بەپێی ئەو مەرجانەی پێشتر هەردوو لایەن لەسەریان ڕێککەوتوون."

ئەمە لە کاتێکدایە، ٢٦ی ئەم مانگە ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ماوەی چوار رۆژ دەستیپێکرد و لە یەکەم رۆژی ئاگربەستدا، حەماس ١٣ بارمتەی ئیسرائیلی و ١١ بارمتەی بیانی بەرامبەر بە ٣٩ بارمتەی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازادکرد و نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان پشگیری خۆی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان راگەیاند.

جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری