سەردێڕ:

پاش ٤٠ رۆژ لە جەنگی ئیسرائیل و حەماس؛ دوایین پێشهاتەکان چین؟

AM:09:43:16/11/2023

2516 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی ٤٠ رۆژە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە، نوسینگەی راگەیاندنی حکومیی غەززە رایگەیاند، تا ئێستا ١١ هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، لە سەرەتای جەنگەکەوە ٣٧٠ سەربازیان گیانیان لەدەستداوە.


نوسینگەی راگەیاندنی حکوومی غەززە، ئاماری ٤٠ رۆژی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە ١١ هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٦٥٠ کەسیش بێسەروشوێن بوون.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ماوەی ٤٠ رۆژدا، حەوت هەزار و ٨٧٠ ژن و منداڵ بەهۆی جەنگەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

هەر بەپێی ئامارەکەش، ٥١ رۆژنامەنووس و ١٩٨ کەس لە تیمە پزیشکییەکان و ٢٢ کارمەندی ئاگرکوژێنەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەش خراوەتە روو، بەهۆی نەمانی سووتەمەنییەوە، پێشبینی دەکەن ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێڵی ئینتەرنێت لە سەرتاسەری کەرتی غەززەدا بپچڕێت.

لەلایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەکەوە تا ئێستا، ٣٧٠ سەربازیان لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکاندا گیانیان لەدەستداوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری