سەردێڕ:

تەندروستی غەززە: ژمارەی گیانلەدەستدانەکان نزیکی ١٢ هەزار کەس دەبێتەوە

AM:08:44:15/11/2023

1140 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستی غەززە رایگەیاند، بەپێی نوێترین ئامار ژمارەی گیانلەدەستدان لە کەرتی غەززە نزیکی ١٢ هەزار کەس دەبێتەوە. دەشڵێت، "تا ئێستا دوو هەزار منداڵ بێسەروشوێنن."


ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرێوەبەرایەتی تەندروستی غەززە راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بەردەوامی ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە گەیشتە ١١ هەزار و ٣٢٠ کەس و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زیاتر بێت بۆ ١٢ هەزار کەس کە چوار هەزار و ٩٤٠ کەسیان منداڵن.

ئەوەشی خستەڕوو، ٢٩ هەزار و ٢٠٠ کەس برینداربوون و نزیکەی سێ هەزار کەس بێسەروشوێنن کە لەو ژمارەیە زیاتر لە دوو هەزار کەسیان منداڵن، کە هێشتا لەژێر پاشماوەی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون و نەدۆزراونەتەوە.

لای خۆشیانەوە، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکان تا ئێستا هەزار و ٥٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات، تۆڕى پەیامنێرانى بێسنور بڵاویکردەوە، تا ئێستا ٤١ رۆژنامەنووسیش لە غەززە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، تێچووی جەنگی غەززە ٥١ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و بە تێپەڕبوونی هەر هەفتەیەک بەسەریدا ملیارێک دۆلار خەرجی دەبێت، هاوکات میدیاکانی ئیسڕائیلیش باس لەوەدەکەن، ساڵی ٢٠٢٤ ساڵی کورتهێنانی بودجە و قەیرانی ئابووری دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری