سەردێڕ:

تەندروستی غەززە: ژمارەی گیانلەدەستدانەکان ١١ هەزار کەسی تێپەڕاند

PM:06:39:10/11/2023

1660 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی غەززە بڵاویکردەوە، بەپێی نوێترین ئامار ژمارەی گیانلەدەستدان لە کەرتی غەززە ١١ هەزار کەسی تێپەڕاند. دەشڵێت، "تا ئێستا هەزار و ٥٠٠ منداڵ بێسەروشوێنن."


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستی غەززە راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە گەیشتە ١١ هەزار و ٧٨ کەس کە پێنج هەزاریان منداڵن.

ئەوەشی خستەڕوو، ٢٧ هەزار و ٤٩٠ کەس برینداربوون و نزیکەی سێ هەزار کەس بێسەروشوێنن کە لەو ژمارەیە زیاتر لە هەزار و٥٠٠ـیان منداڵن، هێشتا لەژێر پاشماوەی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون و نەدۆزراونەتەوە.

لای خۆشیەوە، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکان تا ئێستا هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات، تۆڕى پەیامنێرانى بێسنور بڵاویکردەوە، تا ئێستا ٤١ رۆژنامەنووسیش لە غەززە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، تێچووی جەنگی غەززە ٥١ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووەو بە تێپەڕبوونی هەر هەفتەیەک بەسەریدا ملیارێک دۆلار خەرجی دەبێت، هاوکات میدیاکانی ئیسڕائیلیش باس لەوە دەکەن، ساڵی ٢٠٢٤ ساڵی کورتهێنانی بودجە و قەیرانی ئابووری دەبێت. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری