سەردێڕ:

ئاماری گیانلەدەستدانەکانی شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین زیاتر بەرزبووەوە

AM:11:09:31/10/2023

1588 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدانەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ زیاتر لە هەشت هەزار و ٣٠٠ کەس بەرزبووەتەوە و ئیسرائیلیش دەڵێت، هەزار و ٤٢٠ کەس لە وڵاتەکەی گیانیان لەدەستداوە.


ئەمرۆ سێشەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە کاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەو وڵاتە ٢٣ رۆژی تێپەڕاندووە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە زیاتر لە هەشت هەزار ٣٠٠ کەس، کە نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠یان منداڵن و زیاتر لە ٢٢ هەزار کەسیش بریندارن.

میدیاکانی ئیسرائیلیش بڵاویانکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکان تا ئێستا هەزار و ٤٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لەلایەکى دیکەوە بەڕێوەبەری یونیسێف هۆشداری دەدات لەوەی غەززە لە کارەسات نزیک دەبێتەوە بەهۆی کەمی ئاو و خۆراکەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، ئیسرائیل هێڵەکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێتی لە کەرتی غەززە پچڕاند و دواتر ئیڵۆن ماسک خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس ئاماژەی بەوەکرد، خزمەتگوزاری پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت بۆ رێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکان لە کەرتی غەززە لەڕێگەی مانگی دەستکردی ستارلینگەوە دابیندەکات.

لە ٧ـی تشرینی یەکەمەوە جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکرد و تا ئێستا بەردەوامی هەیە و بەهۆیەوە لە هەردوولا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون.













گەلەری